بەنگلادیش.. داوا دەکرێت خاوەن 'بانکی هەژاران' دەسەڵاتی حکوومەتی کاتی وەربگرێت

ئەو قوتابیانەی خۆپیشاندانەکانی بەنگلادیشیان ڕێک خست، ئەمڕۆ سێشەممە ڕایانگەیاند، پاڵپشتی لە محەممەد یونس، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دەکەن بۆ سەرپەرشتیکردنی حکوومەتی کاتی ئەو وڵاتە، ئەمەش دوای ڕۆژێک لە هەڵاتن و دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیران، شێخە حەسینە.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردووەتەوە، ناهید ئیسلام، سەرۆکی بزووتنەوەی "قوتابیان دژی جیاکاری" لە تۆمارێکی ڤیدیۆیدا ڕایگەیاندووە: بڕیارماندا حکوومەتێکی کاتی، لەگەڵ د. محەممەد یونس، خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ پێک بهێنین.

سەرکردەیەکی دیکەی بزووتنەوەکە ئاسف محەمەد، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی: متمانەمان بە دکتۆر محەممەد یونس هەیە.

دوێنێ دووشەممە، فەرماندەی سوپای بەنگلادیش، جەنەراڵ وەقر ئەلزەمان لە تەلەفزیۆنی فەرمیی وڵاتدا، دەستلەکارکێشانەوەی شێخە حەسینە لە پۆستی سەرۆکوەزیرانی بەنگلادیش ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە سوپا حکوومەتێکی کاتی پێک دەهێنێت.

شێخە حەسینەی تەمەن 76 ساڵ، لە ساڵی 2009ەوە دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، بەڵام لە 19ـی تەمموزی 2024 سەدان هەزار کەس ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای ڕۆیشتنی سەرۆکوەزیرانیان کرد.

محەممەد یونسی تەمەن 84 ساڵ کە شارەزای ئابووریشە، شانازیی بەوە دەکات کە لە ڕێگەی بانکی قەرزی بچووکەوە ملیۆنان کەسی لە هەژاری ڕزگار کردووە، بەڵام ڕووبەڕووی ڕەخنەی شێخە حەسینە بووەوە بە"خوێن مژینی" هەژاران تاوانباری دەکرد.

ئێستا محەممەد یونس لە ئەوروپایە، یاریدەدەرێکی نزیک لە خۆی گوتوویەتی، تا ئێستا هیچ  پێشنیازێکی لەلایەن سوپاوە پێ نەگەیشتووە بۆ سەرکردایەتیکردنی حکوومەتی کاتی.

یونس پێشتر ڕەخنەی لە سیاسەتمەدارانی ئەو وڵاتە گرتبوو و ڕایگەیاندبوو کە ئەوان تەنها حەزیان لە پارەیە.

لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، دادگای کار لە بەنگلادیش بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاساکانی کار لە وڵاتەکەدا سزای شەش مانگ زیندانی بەسەر یونسدا سەپاند.

خۆپیشاندانی قوتابیان، لە 19ـی تەمموزی 2024، بەهۆی بەرزیی ڕێژەی بێکاریی لە ناو گەنجان و دژی سیستەمی پشکی دامەزراندن لەکەرتی حکوومەتیدا، دەستی پێ کرد.

هەروەها سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ئاژانسی هەواڵی 'رۆیتەرز'ـی ڕاگەیاند، ڕۆژی دووشەممە، 05-08-2024، شێخە حەسینە واجد، سەرۆکوەزیرانی بەنگلادیش دەستی لە کار کێشایەوە و دواتر بە هەلیکۆپتەرێکی سەربازیی وڵاتەکەی بەجێ هشێت و چووە هیندستان.