فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان: هێرشەکەی بنکەی عەین ئەسەد لە قەزای حەدیسە کراوە

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ڕایگەیاند، هێرشەکەی بنکەی عەین ئەسەد لە قەزای حەدیسەوە کراوە، دەست بەسەر ئەو ئوتۆمبیلەشدا گیراوە کە مووشەکانی لێوە هاوێژراوە.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، کاتژمێر 9:00ـی شەوی ڕابردوو 5ـی ئابی 2024، هێرش کرایە سەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار، کە بەشێک لە ڕاوێژکارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تێیدا نیشتەجێن.

ئاماژە بەوەش دراوە، هێرشەکە لەقەزای حەدیسەوە کراوە، دەشڵێت: هێزە ئەمنییەکان دەستبەجێ دەستیان بەسەر ئۆتۆمبیلێکی جۆری کیادا گرتووە، کە لەکۆی 10 مووشەک هەشتیان لەناو بارهەڵگرەکەدا مابوون ئامادەکرابوون بۆ هاوێشتن، بەڵام لەلایەن ئەندازیارانەوە هەڵوەشێنرانەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: هەموو ئەو کارانە ڕەت دەکەینەوە کە بنکەکانی عێراق و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان و شوێنی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هەموو ئەو شوێنانە بە ئامانج دەگرن، کە ڕەنگە گرژیی لە ناوچەکەدا دروست بکەن و عێراق بخزێننە ناو شەڕەوە.

جەختیشی کردەوە، هەواڵگری و هێزە ئەمنییەکان، زانیاری گرنگیان لەسەر ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە دەستکەوتووە و لە ئێستا بەدواداچوونیان بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی دادگایان بکەنەوە.

شەوی ڕابردوو، سەرچاوەکان ئاشکرایان کرد، بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە ڕۆژئاوای عێراق بە مووشەک بۆردوومان کرا. وەزارەتی بەرگری ئەمەریکاش ڕایگەیاند، ژماره‌یه‌ك سه‌ربازمان له‌ ئه‌نجامی ئەو هێرشە ئەو بریندار بوون.