په‌رله‌مانتارێک: عێراق بایەخ بە هاووڵاتیانی دەرەوەی وڵات نادات
لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق ئاشكرای ده‌كات، به‌گوێره‌ی پلانێك هاووڵاتیانی عێراق له لوبنانه‌وه ده‌گه‌ڕێننه‌وه.
حه‌یده‌ر سه‌لامی، له لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق ڕایگه‌یاند: تائێستا به‌فه‌رمی داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی هاووڵاتیانیان له لوبنان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ باڵیۆزی عێراق له لوبنان له‌سه‌ر هێڵن و تاوتوێی حاڵه‌تی له‌ناكاویان کردووە بۆ چۆنییەتی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی عێراقییهكانیانی لوبنان.
سه‌لامی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، ئه‌گه‌ر شه‌ڕ له لوبنان ڕوو بدات، ئه‌و كات گشت گه‌شته ئاسمانییه‌كانی عێراق بۆ ئه‌و وڵاته ڕاده‌وه‌ستێت؛ له‌م حاڵه‌ته‌دا گه‌ڕاندنەوه‌ی عێراقییه‌كان ئه‌سته‌م ده‌بێت. ده‌شڵێت: به‌شی زۆری عێراقییه‌كان بۆ خوێندن لە لوبنانن. سه‌ره‌ڕای ناسهقامگیرییهكانیش به به‌رده‌وامی گه‌شتیارانی عێراقی دەچنە ئەو وڵاتە.
هاوكات، یاسر حوسێنی، په‌رله‌مانتاری سه‌ربه‌خۆی عێراق ڕایگه‌یاندووه: بانگهێشتنهكردنهوهی هاووڵاتیانی عێراقی له لوبنان و له ئه‌گه‌ری هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕ له سنووری ئه‌و وڵاته، جێگەی سەرسوڕمانە و کەمتەرخەمیی وەزارەتی دەرەوەی عێراق نیشان ده‌دات به‌وه‌ی بایەخ بە هاووڵاتیانی لە دەرەوەی وڵات نادات.