حەماس هەڵبژاردن بۆ سەرۆکێکی نوێ دەکات

دوای تیرۆرکردنی بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەکە، ئیسماعیل هەنییە، لە تارانی پایتەختی ئێران، بزووتنەوەی حەماس دەستپێکردنی ڕاوێژکارییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێی ڕاگەیاند.

حەماس لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، سەرکردایەتی بزووتنەوەکە پرۆسەی ڕاوێژکاری فراوانی لە سەرکردایەتی و دامەزراوەکانی شورا دەست پێ کردووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ بزووتنەوەکە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "دامەزراوە جێبەجێکارییەکانی بزووتنەوەکە و چوارچێوە شوراکان بەردەوامن لە کارەکانیان و بزووتنەوەکە دەستپێشخەری دەکات بۆ ڕاگەیاندنی ئەنجامی ڕاوێژکارییەکانی کاتێک تەواو بوو".

بزوتنه وه که دووپاتی کردەوە ئەوەی " لەلایەن بەشێک لە دەزگاکان و پلاتفۆرمی سۆشیال مێدیایوە سەبارەت بە دانانی هەندێک ناو بۆ  قۆرغکردنی پۆستی سەرۆکایەتی بزووتنەوەکە بلاو دەکرێتەوە بێ بنەمایە".

چوارشەممەی ڕابردوو بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند کە ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسی خۆی، لە تاران کوژراوە، ئەمەش ترسی فراوانبوونی ململانێکانی ئەو ناوچەیەی کە لە ئێستەوە پڕ لە کێشە و گرفتی لەسەرە، بەهۆی شەڕی ئیسرائیل لەسەر کەرتی غەززە و هەروەها توندبوونەوەی توندوتیژییەکەی زیاتر کرد لە ململانێی لوبنان.

لای خۆیەوە سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند کە  ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماس، بە هۆی "پڕێکتیلێکی کورت مەودا" کە ئاراستەی شوێنی نیشتەجێبوونی لە تاران کراوە، کوژراوە.