6 پاڵەوان و وەرزشكاری كورد بەشدارن لە ئۆڵمپیكی پاریس

ئەمڕۆ پاڵەوانێكی كورد شەڕی بردنەوەی مێدالیایەكی بڕۆنزی ئۆڵمپیكی پاریس دەكات

كوردستان24 لە راپۆرتێكدا بەدوادچوون بۆ ژمارە و رۆڵی وەرزشوانانی كورد لە ئۆڵمپیكی پاریسی 2024 دەكات كە تێیدا راهێنەرێك و 6 وەرزشكاری كورد بەشدارییان لە ئۆڵمپیكی پاریس دەكەن، ئەمڕۆ ئێوارەش یەكێك لە پاڵەوانە كوردەكان شەڕی بەدەستهێنانی مێدالیی بڕۆنزی ئۆڵمپیكی پاریس دەكات.

بەهێزترین پاڵەوانی جیهان بە زەحمەت پشتی پاڵەوانە كوردەكەی لە زەوی دا
سەباح شەریعەتی پاڵەوانی زۆرانبازی كوردی شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان لە ئۆڵمپیكی پاریس لەژێر ئاڵای ئازەربایجان بەشداریی دەكات، بەوپێەی بەهۆی دۆخی سیاسی و نەتەوایەتی لە ئێران. سەباح سڕ كراوە و بە ناچاری كۆچی ئەورووپای كردووە و دووەمین ئۆڵمپیكە لەسەریەك لەژێر ئاڵای وڵاتێكی دیكە بەشداریی لە ئۆڵمپیك دەكات.


ئەم پاڵەوانە كوردە لە ئۆڵمپیكی ریۆ دی جانیێرۆی 2016ـی بەرازیل مێدالیای بڕۆنزی بردەوە، لە ئۆڵمپیكی پاریسش دوای دوو سەركەوتنی لەسەریەك، لە قۆناغی پێشكۆتایی رووبەڕووی پاڵەوانی یەكەمی جیهانی بووەوە كە پاڵەوانێكی وڵاتی كۆبایە بە ناوی نونۆ لۆپێز كە چوار ئۆڵمپیكە لەسەریەك مێدالیای زێر دەباتەوە.
سەباح شەریعەتی دوای ركابەرییەكی زۆر نەیتوانی پشتی پاڵەوانەكەی كۆبا لە زەوی بدات و یارییەكەی دۆڕاند. بەڵام سەباح شەریعەتی هێشتا لە ئۆڵمپیكی پاریس هیوای لەدەست نەداوە و بڕیارە ئەمڕۆ لەسەر بڕینی مێدالیای بڕۆنز رووبەڕووی ئەمین میرزادەی پاڵەوانی ئێرانی بێتەوە.

 

پێشتر سەباح شەریعەتی لە چەندان پاڵەوانێتی جیاواز مێدالیای جۆراوجۆری بردووەتەوە، دیارترینیان مێدالیای بڕۆنزی ئۆڵمپیکی ریۆ دی جانێرۆ ساڵی 2016، مێدالیای زیو لە جامی جیهانی باکۆی لە ساڵی 2015، مێدالیای بڕۆنز لە پاڵەوانێتی مێنسك ساڵی 2018، مێدالیای زیو لە پاڵەوانێتی ئەوروپی لە زاگرێب ساڵی 2023.

 

 


ئاریان سەلیمی شەڕی بردنەوەی مێدالیای زێڕ دەكات
ئاریان سەلیمی پاڵەوانێكی دیكەی كوردی شاری كرماشانی رۆژهەڵاتی كوردستانە، تەمەنی 20 ساڵە و یاریی بۆ هەڵبژاردەی تایكواندۆی ئێران دەكات، رۆژی شەممە یەكەمین یاریی خۆی لە ئۆڵمپیكی پاریس بەرامبەر رافاڵۆڤیچی پاڵەوانی ئۆزبەكیستانی دەكات. پێشتر ئاریان سەلیمی لەسەر ئاستی ئاسیا چەندان مێدالیای زێڕ و زیوی بردووەتەوە.

 

راهێنەرێكی كورد بەشداریی سێیەمین ئۆڵمپیكی كرد
جەمیل لەتیفڵڵا نەسەبی، یەكێكە لە دیارترین راهێنەرە كوردەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و خەڵكی شاری سنەیە و سێیەمین ئۆڵمپیكە وەكو راهێنەری هەڵبژاردەی پینگ پۆنگی ئێران بەشداریی دەكات، لە ئۆڵمپیكی پاریسیش بەشداریی كرد و تا قۆناغەكانی كۆتایی رۆیشتن، بەڵام نەیانتوانی هیچ مێدالیاییەك ببەنەوە.
جەمیل لەتیفڵڵا پێشتر یاریزانی تیپی تۆپی سەرمێزی هەڵبژاردەی ئێران بووە، بەڵام لەوەتەی ساڵی 2006ـەوە روویكردووەتە بواری راهێنەرایەتی و ئێستاش لە شاری سنە خاوەنی هۆڵێكی تایبەتە بە پینگ پۆنگ و رۆژانە مەشقی بە دەیان بەهرەمەندی كورد دەكات و لەسەر ئاستی ئێران ناوبانگێكی گەورەی هەیە.

 


كورد سەرۆكایەتی شاندی هەڵبژاردەی عێراق دەكات
لە لایەكی دیكەیشەوە لە ئۆڵمپیكی پاریس، هەردە رەئوف كوردێكی شاری سلێمانییە، لە ئۆڵمپیكی پاریس سەرۆكایەتی شاندی هەڵبژاردەی عێراق دەكات، لەنێو شاندی عێراق  ئەحمەد جەبار پاڵەوانی كوردی تایكواندۆی شاری هەولێر لە پاڕائۆڵمپیك بەناوی عێراق رۆژی 28ـی ئەم مانگە رووبەڕووی پاڵەوانێكی ئەمریكا دەبێتەوە و شەڕی بردنەوەی مێدالیای زێڕ دەكات.
لە لایەكی دیكەیشەوە لەسەر ئاستی تۆپی پێ دوو یاریزانی كورد یوسف ئەمین و بڵند ئازاد لەگەڵ هەڵبژاردەی ئۆڵمپی عێراق بەشدارییان لە ئۆڵمپیكی پاریس كرد، بەمەش ژمارەی ئەو وەرزشكارە كوردانەی بەشداریی ئۆڵمپیكی پاریسیان كرد 6 وەرزشكار و راهێنەرێك بوون.