حزبوڵلای لوبنانی باکووری ئیسرائیلی مووشەکباران کرد

یەکەمجارە چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل مووشەکباران دەکرێن

هێرشی حزبوڵا بۆ سەر ئیسرائیل
هێرشی حزبوڵا بۆ سەر ئیسرائیل

حزبوڵلای لوبنانی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، شەوی ڕابردوو دەیان ڕۆکێتی کاتیۆشایان ئاراستەی ئۆردوگای جوونشینی بەیت هیلەلیان کردووە و خەڵکی مەدەنی بریندار بوون.

حزبوڵلا ئاماژەی داوە "بۆ پشتیوانیی لە گەلی فەلەستین و کەرتی غەززە و پشتیوانیی لە بەرەی مقاوەمەی شەرەفمەندانە، هەروەها بۆ وەڵامدانەوەی هێرشە دوژمنکارییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر گوندەکانی باشووری لوبنان، بەتایبەتی ئەو هێرشانەی کرانە سەر گوندەکانی کەفرکیلا و دێر سەرییان و برینداربوونی هاووڵاتییانی سڤیلیان لێ کەوتەوە؛ بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی دەستی بە قۆناغێکی نوێی هێرشی مووشەکی کردووە و یەکەم جارە ئۆردوگای جوونشینی بەیت هیلەلی بە دەیان ڕۆکێتی کاتیۆشا بۆمبباران کرد.

مێدیای نزیک لە بەرەی مقاوەمە بڵاویان کردووەتەوە، حزبوڵلا زیاتر لە 50 ڕۆکێتی کاتیۆشای گرتووەتە باکووری ئیسرائیل. 

لەلایەن خۆیەوە، وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، سیستمی بەرگری ئاسمانی ناسراو بە (گومبەزی ئاسنین) زۆربەی مووشەکەکانی حزبوڵلای خستووەتە خوارەوە.

هەر دوێنێ شەممە، حزبوڵلای لوبنانی نزیکەی 60 ڕۆکێتی کاتیۆشای ئاراستەی ناوچە ئەلجەلیل لە باکووری ڕۆژئاوای ئیسرائیل کرد، بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل 15 ڕۆکێت لەلایەن سیستمی بەرگریی گومبەزی ئاسنینەوە تێک شکێنراون.

لە هێرشە نوێیەکانی حزبوڵلای لوبنانی یەکەم جارە ناوچەکانی ئەلجەلیل و بەیت هیلەل لە باکووری ئیسرائیل بۆمباران دەکرێن.