حەسەن مەجید: لە نەبوونی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک هەوڵدەدرێت کێشە دروست بکرێت

حەسەن مەجید سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک
حەسەن مەجید سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک

سەرۆکی لیستی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئاشکرای دەکات، جگە لەو ژمارە کەمە پۆلیسەی لە پرۆسەیەکی نا یەکساندا بڕیاری دامەزراندنیان لەسەر وەزارەتی ناوخۆ بۆ دەرکراوە، هەوڵدەدرێت حەوت هەزاریی دیکە لە نەبوونی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک بە نا یەکسانیی دابمەزرێنن کە ڕایان گرتووە.

سێشەممە 6ـی ئابی 2024، حەسەن مەجید سەرۆکی لیستی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتییەوە چەند کەسێک گواستراونەتەوە وەزارەتی ناوخۆ کە ژمارەیان 671 کەسە و هاتوونەتە سەر وەزارەتی ناوخۆ وەکو پۆلیس، دەڵێت: لەو ژمارەیە 531 کەسیان فۆرمیان ڕاکێشاوە، لە کۆی گشتیدا نزیکەی 470 عەرەبی تێدایە، 34 کورد و 27 تورکمان، 173 کەسیش مەرجەکانیان تەواو نەبووە، لەگەڵ 44 حاڵەت کە لە لێژنەکان دەرنەچوون، لەو ژمارەیە زۆرینەی خەڵکی دەرەوەی شاری کەرکووکن، گوتی: پشکی شێر بەر حەویجە کەوتووە، دواتر دووبز و دواتر داقوق.

حەسەن مەجید ئاشکرای دەکات، لەو ژمارەیەی بڕیاری دامەزراندنیان لەسەر وەزارەتی ناوخۆ لە کەرکووک بۆ دەرچووە، زۆرینەیان خەڵکی دەرەوەی کەرکووکن.

گوتیشی: لەگەڵ نوێنەرانی کورد لە بەغدا لەسەر هێلێن بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین چونکە ئەو نا دادپەوەرییە لە دامەزراندن بەردەوامە، بۆ ئەوەی لەدامەزراندنی داهاتوو ئەو نا هاوسەنگییە نەمێنێت کە هەمیشە پشکی عەرەب زیاترە، بەشێوەیەک پلانی بۆ دادەڕیژرێت.

سەرۆکی لیستی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتی: ئێمە لەهەر شوێنێک دەسەڵاتی یاسایی خۆمان بەکاردێنین، لە نەبوونی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک، ئەو کێشانە دروست دەکرێن.

دەشڵێت: ئێمە پرۆسەی دامەزراندنی حەوت هەزارمان ڕاگرتووە تا ئەنجوومەنی پارێزگا دەستبەکار دەبێت، گوتیشی: 

دەمانەوێت ژمارەی کورد هاوسەنگ و زیاد بکرێت.