تشرینی یەکەمی 2024؛ مانگی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانە

هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان - گرافیک: کوردستان24
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان - گرافیک: کوردستان24

K24 – هەولێر:

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەیی خۆی نیشان دا بۆ سەرپەرشتیی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لەو وادە نوێیەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاری کردووە کە (20ـی تشرینی یەکەمی 2024)ـە.

پارتی دیموکراتی کوردستان وەک یەکەم لایەنی سیاسیی، وەڵامی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی دایەوە و ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردن و دەستپێکردنی ئامادەکارییەکانیشی بۆ ئەو هەڵبژاردنە ڕاگەیاند.

هاوکات ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی عێراق، یونامی و یەکێتیی ئەورووپاش پێشوازییان لە دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە لایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە کرد و پشتیوانیی خۆیان بۆ کۆمیسیۆن و سەرکەوتنی پرۆسەکە ڕاگەیاند.

بۆ جاری پێنجەم وادەی هەڵبژاردن دیاری کرا

ڕۆژی (26ـی حوزەیرانی 2024) دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکی هەرێمیدا، ڕۆژی (20ـی تشرینی یەکەمی 2024) بۆ وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کردووە.

پێشتریش لە ڕۆژی (3ـی ئاداری 2024) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا، وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد کە رۆژی (10ـی حوزەیرانی 2024) بەڕێوە دەچێت. بەڵام لەبەر تێبینییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕەتکردنەوەی بەشداریی لە هەڵبژاردنێک کە دیزاینی پێشوەختەی بۆ کرابێت و گۆڕانکاری لە بەشێک ئەو کەموکوڕییانەی هەبوو بە گەڕانەوەی بەشێک لە مافی پێکهاتەکان، جارێکی دیکە کۆمیسیۆن داوای وادەیەکی نوێی کرد بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن

دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لە (30ـی ئایاری 2023) لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی یاسایی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، ئەو وادەیەی پێشتر دیاری کرابوو لەژێر سەرپەرشتی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێمی کوردستان ڕەت کرایەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. دوای ئەوەش، لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بۆ دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گفتوگۆیان دەست پێکرد.

ڕۆژی (3ـی ئابی 2023) سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا، رۆژی (25ـی شوباتی 2024)ـی دیاریکرد بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی دەکات، ئەم وادەیەش بەهۆی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی سکاڵاکان لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە دواکەوت.

بەڵام ئەمەش یەکەم وادە نەبوو لەلایەن سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە دیاریبکرێت بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژی 10ـی تەمموزی 2023، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی ئاراستەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد و ڕۆژى 18ـی تشرینی دووەمی 2023ی وەک وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد و داواى لە كۆميسۆنى کرد ئاماده‌يى نيشان بدات بۆ سه‌رپه‌رشتيكردنى هه‌ڵبژاردن له‌و ڕۆژەدا. یاخود، له‌گه‌ڵ ڕۆژی بەڕێوەچوونی هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاکانی عێراق له‌ 18ـی کانوونی یەکەمی 2023.

پێشتریش، لە 24ی شوباتی 2022 سەرۆکی هەرێمی کوردستان، فەرمانی هەرێمی بۆ دەستنیشانكردنی ڕۆژی 1ـی تشرینی یه‌كه‌می 2022 واژۆکرد بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی لایەنەکان لەبارەی یاسای هەڵبژاردن ئەنجامدانی هەڵبژاردن دواخرا.

لایەنەکان بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەن

بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، 22 لایەنی سیاسی و دوو هاوپەیمانێتی لەگەڵ نزیکەی 75 کاندید کە بەشێوەی تاک بۆ کورسیی گشتی و کورسیی کۆتای پێکهاتەکان خۆیان کاندید کردووە.

لە لایەنە سیاسییەکانیش کە لە کۆمیسیۆن تۆمارکراون و ڕایانگەیاندووە بە لیستی خۆیان بەشداری دەکەن، لەوانە (پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، نەوەی نوێ، بەرەی گەل، ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی، هاوپەیمانیی نیشتمانی، بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامی، بزووتنەوەی ئیسلامیی لە کوردستان و بەرەی تورکمانی).

هاوکات، هەریەکە لە لایەنەکانی (حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، حزبی شیوعی کوردستان و حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان) هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستانیان ڕاگەیاندووە بۆ چوونە پێشبڕکێی هەڵبژاردن.

هاوپەیمانی سەردەمیش کە لە پارتی پارێزگارانی كوردستان، پارتی كرێكاران و ڕەنجدەرانی كوردستان و یەكێتیی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆکایەتی عەبدوڵلای حاجی مەحموود خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادە کردووە.

یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کورسی پێکهاتەکان

ڕۆژی (21ـی شوباتی 2024) دادگای فیدراڵی، دوای 11 جار دواخستنی دانیشتنەکانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاری دا، بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسیی کۆتاکان کە 11 کورسین هەڵوەشاندەوە، بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم دەکرێنەوە.

لە کاتێکدا، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پێکهاتەکان 11 کورسیی کۆتایان لە پەرلەمان هەبوو بەشێوەیەک پێنج کورسی بۆ تورکمان، پێنج کورسی بۆ کلدان، ئاشووری و سریانەکان و یەک کورسی بۆ ئەرمەنەکان، کە لەسەر بنەمای هەمان یاساش، شێوازی دەنگدان و کێبڕکێ کردن لە نێوان دەنگدەران و نوێنەرانی ئەو پێکهاتانە دەبوو بەشێوەی یەک بازنەیی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، بەڵام دادگای فیدراڵی هەڵیوەشاندەوە.

ئەمەش وای کرد لایەنە سیاسییەکانی هەردوو پێکهاتەی تورکمان و کریستیانەکان ناڕەزایەتییان لە دژی ئەو بڕیارە نیشان دا و بایکۆتی بەشدارییان لە هەڵبژاردن ڕاگەیاند، مەکتەبی سیاسیی پارتی لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد:"بە نەهێشتنی كورسیی كۆتای پێكهاتەكان لە ياساى هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، یەكێك لە گەرەنتیە سەرەكییەكانی هەڵبژاردنێكی ئازاد و بێگەرد و هەلی یەکسان و دادپەروەرانە لە هەرێمی کوردستاندا پێشێل کرا".

دوای ئەوەش دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان، کە سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقە، لە وەڵامی ژمارەیەک سکاڵای پێشکەش کراو لەلایەن پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانەوە، بڕیاری دا لە 100 کورسیی پەرلەمانی کوردستان، پێنج کورسیی بۆ پێکهاتەکان تەرخان بکرێن.

ڕۆژی (21ـی ئایاری 2024) دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی پەسەند کرد. بەپێی دەقی بڕیارەکە کە ڕۆژی (20ـی ئایاری 2024) دەرچووە؛ پێنج کورسییەکەی پێکهاتەکان بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا دابەش دەکرێن: پارێزگای هەولێر: دوو کورسی (یەکێکیان بۆ کریستییانەکان و یەکێکیان بۆ تورکمانەکان)، پارێزگای سلێمانی: دوو کورسی (یەکێکیان بۆ کریستییانەکان و یەکێکیان بۆ تورکمانەکان) و پارێزگای دهۆک: (یەک کورسیی بۆ کریستیانەکان).

میکانیزمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

لەسەر بنەمای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە چوار بازنەی هەڵبژاردن بەڕێوە دەچێت و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کورسییەکانی پەرلەمانی بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کورستاندا دابەش کردووە: هەولێر، 34 کورسی، سلێمانی 38، دهۆک 25 و هەڵەبجەش سێ کورسی.

بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و سیستمی پەسەندکراوی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمیسیۆنەوە، ئەوەی مافی دەنگدانی هەیە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، دەبێت تەمەنی 18 ساڵی تەواو كردبێت‌ و مەرجە خاوەنی ڕەگەزنامە یان کارتی نیشتمانی بێت و كارتی بایۆمەتری دەنگدانی هەبێت.

لەبارەی دەنگدانی تایبەتەوە، کۆمیسیۆن دیاریکردووە پێش 48 كاتژمێر لە دەنگدانی گشتی، هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، پێشمەرگە، سوپا، كارمەندانی نەخۆشخانەكان و زیندانەكان ‌و زیندانیان مافی دەنگدانیان لە دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان هەیە، کە لە کاتژمێر (7:00)ـی بەیانی تاوەکو (6:00)ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت.

شێوازی هەڵبژاردن وەک لە یاسایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا ڕوون کراوەتەوە، بە دەنگدانی نهێنیی ڕاستەوخۆ بەپێی سیستمی لیستی کراوەی سنووردار دەکرێت و هەر لیستێکی هەڵبژاردنیش نابێت ڕێژەی ئافرەتان لە کاندیدەکان لە 30% کەمتر بێت و تەمەنی ڕێگەپێدراویش بۆ خۆکاندیداکردن بۆ پەرلەمانی کوردستان 25 ساڵە.

پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و پەرلەمانی عێراق بەشێوەی ئەلیكترۆنی لە ڕێگەی بەكارهێنانی ئامێری سەلماندنی ئەلیكترۆنی لە وێستگەکانی دەنگدان بۆ خوێندنەوەی تۆماری كارتی بایۆمەتری دەنگدەران، بەڕێوە دەچێت و بەراوردی پەنجەمۆر و خوێندنەوەی "کیو ئار کۆدی"ـی كارتی دەنگدان دەکرێت.

لە سیستمی دەنگدان و ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکانی کە کۆمیسیۆن پەسەندیکردووە، شێوازی دەنگدان بەشێوەی نهێنی دەبێت و دەنگدەر قەڵەمێكی تایبەت كە كۆمیسیۆن بۆ مەبەستی دەنگدان دابینی دەکات، بەشێوەی مۆرکردن لەسەر کارتی دەنگدان ژمارەی لیست‌ و كاندیدا هەڵدەبژێرێت.

هاوکات کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە سیستمەکەدا ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە، دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدان و جیاكردنەوە و هەژماركردنی دەنگەکان بەشێوەی ئەلیكترۆنی، لەلایەن سەرپەرشتیارانی وێستگە و بنکەکانی دەنگدانەوە، راپۆرتی ئەنجامەکان چاپ دەکرێت و ڕادەستی نوێنەری قەوارە سیاسییە بەشداربووەکانی هەڵبژاردن دەکرێت و دواتر لەلایەن بەڕێوەبەری وێستگەکانی دەنگدانەوە ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی تایبەت‌ و گشتی ئاشکرا دەکرێت.

ماوەی خولی پەرلەمانیی وەک لە یاساکەدا ڕوون کراوەتەوە، چوار ساڵە و لە یەکەم دانیشتنی خولی نوێی هەڵبژێردراو دەست پێدەکات، کە تێیدا ئەندامانی نوێی پەرلەمان سوێندی یاسایی دەخۆن کە بە تەمەنترین پەرلەمانتار سەرۆکایەتی دانیشتنەکە دەکات تا هەڵبژاردنی سەرۆکێک بۆ پەرلەمان، هەروەها خولی هەڵبژاردنیش لە دوا دانیشتنی خولەکە لە ساڵی چوارەم کۆتایی دێت.

هەڵبژاردنی خولەکانی پێشووی پەرلەمانی کوردستان

دوای ڕاپەڕینەکەی بەهاری 1991، لەسەر بڕیاری بەرەی کوردستانی، ساڵی 1992 هەڵبژاردنی یەکەم خولی پەرلەمانی کوردستان کرا کە تاوەکو ئێستا پێنج خولی هەڵبژاردن بەڕێوەچووە. ساڵی 2004 یاسای هەڵبژاردن هەموار کرایەوە و ماددەی نۆیەمی یاساکە کە باسی لەوە دەکرد "هەرێمی کوردستان لە چەند ناوچەیەکی هەڵبژاردن پێک بێت" لابرا و هەرێمی کوردستان هەمووی کرایە یەک بازنەی هەڵبژاردن.

هەڵبژاردنی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان کە لە (30ـی ئەیلوولی 2018) بەڕێوەچوو، ڕێژەی بەشداریکردن گەیشتە 59% و لە کۆی 29 لیستی بەشداربوو، 16 لیست توانییان کورسی پەرلەمانیی بە ڕێژەی جیاواز بەدەستبهێنن و پارتی دیموکراتی کوردستان بە 45 کورسی لە پلەی یەکەم و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە 21 کورسی لە پلەی دووەم و بزووتنەوەی گۆڕان بە 12 کورسی لە پلەی سێیەم هاتن و ئەو سێ لایەنەش وەک سێ لیستی زۆرینەی پەرلەمانی کورستان، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی پێک هێنا.

یه‌كه‌مین خولی پەرلەمانی کوردستانیش به‌پێی یاسای ژماره ‌(1)ـی به‌ره‌ی كوردستانی له (19ـی ئایاری 1992) بە بەشداری 967 هەزار و 229 دەنگدەر بەڕێوەچوو بۆ هەڵبژاردنی سەد کورسی گشتی و پێنج کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەی کریستیانەکان.

لە ‌ڕۆژی (30 كانوونی دووه‌می 2005)، خولی دووه‌می هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجامدرا كه ‌هاوكات بوو له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پەرلەمانی عێراق و هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان. ئه‌مه‌ش یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنی گشتی بوو كه‌ دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس له هەرێمی‌كوردستان و عێراق ئه‌نجام بدرێت و ملیۆنێک و 753 هەزار و 919 دەنگدەر بەشدارییان تێداکرد بۆ هەڵبژاردنی سەد و 11 کورسی لە نێوان 13 لیستی هەڵبژاردن، کە لیستی نیشتمانی دیموکراتی کوردستان بە 104 کورسی، زۆرینەی پەرلەمانی بەدەست هێنا.

هەروەها لە ڕۆژی (25ـی تەمموزی 2009)، پرۆسه‌ی خولی سێیه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە بەشداری 24 لیست بۆ كێبركێ له‌سه‌ر سەد و 11 کورسی بەڕێوەچوو کە 11 لیست توانیان ڕێژه‌ی یاسایی به‌ده‌ست بهێنن و لیستی کوردستانی بە بەدەستهێنانی ڕێژەی زیاتر لە 57%ـی دەنگەکان زۆرینەی پەرلەمانیی بەدەست هێنا.

هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستانیش لە (21ـی ئەیلوولی 2013) بە بەشداری 31 لیست بەڕێوەچوو، کە 17 لیستیان توانییان کورسیی پەرلەمانیی بەدەستبهێنن و لیستی پارتی بە 38 کورسی پلەی یەکەم، بزووتنەوەی گۆڕان بە 24 کورسی پلەی دووەم، لیستی یەکێتی بە 18 کورسی لە پلەی سێیەم و لیستی یەکگرتوو بە 10 کورسی لە پلەی چوارەم هاتن.