ئەکسیۆس پێشبینی کاتی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ڕادەگەیەنێت

سێ بەرپرسی ئەمەریکی و ئیسرائیلی بە پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمەریکیان ڕاگەیاندووە، کە پێشبینی دەکەن سبەی دووشەممە، ئێران هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل.

پێگەکە، لە زاری سەرچاوە ئەمەریکی و ئیسرائیلییەکان بڵاوی کردووتەوە، کە لە هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دڵنیان، بەڵام نازانن ئاخۆ ئێران و حزبوڵلای لوبنانی پێکەوە هێرشەکانیان دەکەن یان بە جودا؟ هۆی ناڕوونی هێرشەکانیشیان گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەی هێشتا ئێران و حزبوڵلا لەسەر ئاستی سیاسیی، بڕیاری کۆتاییان لە سەر پلانە سەربازییەکانیان نەداوە.

بەرپرسە ئەمەریکی و ئیسرائیلییەکان پێشبینی دەکەن ئێران هاوشێوەی هێرشە مووشەکییەکانی 13ی نیسان، ناوچەکانی باشووری ئیسرائیل و بە تایبەتی بنکەی ئاسمانی بنیڤاتیم بۆمباران بکاتەوە، بەڵام ئەگەر هەیە هێرشەکان فراوانتر بن.

ئێران لە 14ی نیسانی ئەم ساڵ، لە تۆڵەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بارەگای کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق، بە مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشی کردە سەر ئیسرائیل. هێرشەکە، نزیکەی پێنج کاتژمێری خایاند. بڕیاریشە هێرشی ئەم جارەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، بۆ تۆڵە سەندنەوەی ئیسماعیل هەنییە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس بێت، ‌کە بەرەبەیانی چوارشەممە 31ی تەممووزی 2024، لە هێرشێکدا لە ناوجەرگەی تاران لەگەڵ پاسەوانە تایبەتەکەی لە شوێنی مانەوەیان کوژران و ئێرانیش لە ئاستی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەی داوە.