بلینکن: بڕیاری ئاگربەستی غەززە ئێستە لە ئەستۆی سینواردایە

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، یەحیا سینوار، سەرۆکی نوێی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس، دەبێت لەگەڵ ئیسرائیل بڕیار لەسەر ئاگربەستی کەرتی غەززە بدات.

بلینکن ئاماژەی بەوەشکرد، سینوار بڕیاردەری سەرەکی بوو بۆ ئەنجامدانی ئاگربەست لە کەرتی غەززە ، دوای ئەوەی حەماس ئەی وەک سەرکردە دەستنیشان کرد ڕاگەیاند، سینواریش یەکێکە لە داواکراوەکانی ئیسرائیل، و لە جێگەی ئیسماعیل هەنییەیە، کە هەفتەیەک لەمەوبەر لە تاران کوژرا.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە ئوسترالیا بەڕێوەچوو، بلینکن گوتی، "سینوار" ​​بڕیاردەری سەرەکی بووە و بڕیاردان لەسەر ئاگربەست لە ئەستۆی ئەودایە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەدا "دانوستانەکان گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی و بە توندی باوەڕمان وایە کە دەبێت بەم زووانە بگەنە کۆتایی".

بلینکن داوای لە ئێران و ئیسرائیل کرد پەرەنەدەن بە ململانێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەشڵێت: "نابێت هیچ کەسێک پەرە بەم ململانێیە بدات، ئێمە سەرقاڵی هەوڵی دیپلۆماسی چڕین لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشەکان، بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ ئەم پەیامە بگەیەنین بە ئێران هەروەک چۆن بە ئیسرائیل گەیەندراوە.

بلینکن جەختی کردەوە، پابەندبوونمان بە ئاسایشی ئیسرائیل پتەوە، "ئێمە بەردەوام دەبین لە بەرگریکردن لە ئیسرائیل لە بەرامبەر هێرشەکانی گروپە تیرۆریستییەکان، هەروەها بەردەوام دەبین لە بەرگریکردن لە هێزەکانمان"، ئاماژەی بەوەشکرد، "هەموو کەسێک لە ناوچەکەدا دەبێت درک بەوە بکات کە دەستپێکردنی هێرشی زیاتر تەنها ململانێکان درێژ دەکاتەوە و ناسەقامگیری و نائەمنیی بۆ هەمووان زیاد دەکات".

ڕۆژی سێشەممە، حەماس یەحیا سینواری وەک بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەکە دەستنیشان کرد و ڕاگەیاند، سینوار لە شوێنی ئیسماعیل هەنییەیە کە هەفتەی ڕابردوو لە تاران کوژرا.