دەستێکی گەورە هەیە کە ڕێگەنادات وەزیری کارەبای عێراق لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت

وێنەی ساحەی تەحریر
وێنەی ساحەی تەحریر

زیاتر لە 55 پەرلەمانتاری عێراق واژۆیان بۆ لێپرسینەوە لە وەزیری کارەبا کۆکردووەتەوە و داوادەکەن بێتە پەرلەمان تا ڕوونکردنەوەی لەسەر زیاتر لە 50 دۆسیەی گەندەڵی گەورە لە وەزارەتەکەی بدات، لەبەرامبەردا دەستێکی ئاسنین هەیە ڕێگریی لە لێپرسینەوەی وەزیری کارەبا دەکات، بەو پێیەی ناوبراو ئەندامی یەکێک لە هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکانە.

ڕۆژ نییە لە قوژبنێکی عێراق خەڵکی توڕە و ناڕازی دژی خراپی کارەبا خۆپیشاندان نەکەن، لە پەرلەمانیش کە نوێنەرانی خەڵکی تێدایە ڕێگریی لە لێپرسینەوەی وەزیری کارەبا دەکرێت.

پەرلەمانتاران زیاتر لە 55 واژۆیان بۆ بانگهێشتکردنی زیادی عەلی فازڵ وەزیری کارەبای عێراق کۆکردووەتەوە و داوادەکەن ڕوونکردنەوەی لەسەر 51 دۆسیەی قەبەی گەندەڵی و بێسەروبەری لەوەزارەتەکەی بدات، هەروەها پێیان بڵیت کەی کارەبا چاک دەبێت و خەڵک ئاهێکیان بەبەردا دێتەوە، بەڵام دەستێکی گەورە و بەربەستێکی نادیار هەیە کە ڕێگەنادات وەزیری کارەبا بۆ لێپرسینەوەی ڕاپێچی پەرلەمان بکرێت. 

پەرلەمانتارانی ناڕازی دەڵێن، "پێویستە وەزیری کارەبا لەسەر ئەو دۆخەی ئێستە ڕوونکردنەوەی بدات، چونکە لەماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 60 ملیار دۆلار لە کەرتی کارەبا خەرجکراوە و خەڵکیش ساڵ بە ساڵ خۆزگەیان بەپار".

هەرچەندە بەشێک لە پەرلەمانتاران لەژێر گوشاری پارتە سیاسییەکانیان ئیمزای لێپرسینەوە لە وەزیری داراییان کشاندووەتەوە، بەڵام بەشە ناڕازییەکەی پەرلەمانتاران سوورن لەسەر ئەوەی قسەی خۆیان ببەنەسەر، ئەگەر موحسین مەندەلاویش نەیەوێت بانگهێشتی وەزیری کارەبا بکات، دۆسیەکە دەبەنە دادگەی فیدراڵی، چونکە بە گوتەی خۆیان مەندەلاوی لەژێر گوشاردایە تا ئاوڕ لە پەرلەمانتارانی ناڕازیی نەداتەوە و وەزیری کارەبا بانگهێشت نەکات.

زیاد عەلی فازڵ، سەربە فراکسیۆنی نەهجی وەتەنییە کە بەشێکن لە چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەمەش وایکردووە پشتی ئەستوور بێت، لەوەی هەرچەندە پەرلەمانتاران گوشاری زیاتر دروستبکەن، بەڵام هێزێک هەیە دەیپارێزێت و ڕێگەنادات ڕووبەڕووی ڕێکاری قورس ببێتەوە، لەم ململانێ سیاسیەشدا خەڵکی عێراق ڕۆژانە و بەم گەرمایە چەند کاتژمێرێکی کەم کارەبایان پێدەدرێت.