ڕێبەر ئەحمەد، سەردانی "ئاژانسی فیدڕاڵیی ئەڵمانیا بۆ هاوكاریی تەكنیكی"ـی كرد

دیداری ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سابین لاکنەر، سەرۆکی ئاژانسی فیدڕاڵیی ئەڵمانیا
دیداری ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سابین لاکنەر، سەرۆکی ئاژانسی فیدڕاڵیی ئەڵمانیا

لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ ئەڵمانیا، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی بارەگای سەرەکیی ئاژانسی فیدڕاڵیی ئەڵمانیا بۆ هاوکاریی تەکنیکی (THW)ی کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 7ـی ئبای 2024، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەردانەكەیدا بۆ بارەگای سەرەکیی ئاژانسی فیدڕاڵیی ئەڵمانیا بۆ هاوکاریی تەکنیکی، لە لایەن سابین لاکنەر، سەرۆکی ئاژانسەکە پێشوازیی لێکرا.

لە دیدارەكەدا، وەزیری ناوخۆ پیرۆزبایی لە سابین کرد بە بۆنەی دەستبەکاربوونی وەک یەکەم سەرۆکی ئافرەت بۆ ئەو ئاژانسە. دواتر باس لە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا كرا و هاوبەشیی ئاژانسەكەی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بەرز نرخاند.

لای خۆیەوە سابین وێڕای خۆشحاڵیی زۆریان بە سەردانەكەی وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان بۆ بارەگای سەرەکیی ئاژانسەكەیان لە ئەڵمانیا، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی کە توانیویانە بەهۆی ئەو پشتیوانی و کارە هاوبەشەی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان هەیانە، دەسکەوتەکانیان لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە کاردانەوەی هەبێت و شانازیی پێوە بکەن، بەتایبەتیش لە بەهاناوەچوونی قوربانییانی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سووریا. دواتر باس لە قۆناغەکانی داهاتووی کاری هاوبەشی هەردوولا کرا.

جێی باسە ئاژانسی فیدڕاڵیی ئەڵمانیا بۆ هاوکاریی تەکنیکی، بەرپرسی وەڵامدانەوەی قەیران و کارەساتە لە ئەڵمانیا و هاوبەشی سەرەکیی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیشە و تواندراوە بەهۆی ئەو هاوبەشییەوە، سوود لە ئەزموونی ئەڵمانیا وەربگیرێت بۆ بەرەوپێشچوونی سیستەمی وەڵامدانەوەی قەیران و کارەسات لە هەرێمی کوردستاندا.