میری ئێزدییان: دەبێت بەرەنگاریی گوتاری ڕق و کینە ببینەوە

میر حازم تەحسین، میری ئێزدییان
میر حازم تەحسین، میری ئێزدییان

حازم تەحسین، میری ئێزدییان، لە پەیامێکدا ستایشی هەوڵەکانی هەموو ئەو لایەنانە دەکات کە کاریان کرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەم گرژیەی کە لەم چەند ڕۆژەی دوایی بەهۆی پەیامی کەسێکی ئێزدی دروست بوو.

ناوبراو ڕایگەیاند: ناکرێت ڕەفتاری تاکە کەسێک بە ڕەفتاری تەواوی پەیڕەوانی ئایینەکە لە قەڵەم بدرێت، هەروەها جەختی لە برایەتی و پێکەوەژیان کردەوە.

میری ئێزدییان، گوتی: دەبێت زیاتر هۆشیار بین لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو فیتنەچی و ئاژاوەگێڕانەی کە دەیانەوێت ئەم وڵاتە وێران بکەن.

هاوکات گوتیشی: پێویستە هەمووان بە گیانی بەرپرسیارێتی کاربکەین بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگە لە مەترسی بیرۆکەی تووندڕەوەکان و وەستانەوە دژی گوتاری ڕق و کینە.

ئەم پەیامەی حازم تەحسین، میری ئێزدییان دوای ئەوە هات، کە پێش چەند ڕۆژێک قاسم شەشۆ لە لێدوانێکیدا سوکایەتی بە پێغەمبەر محەممەد (دخ) کرد.

لێدوانەکەی قاسم شەشۆ کاردانەوەی لێ کەوتەوە و بەشێک لە کەسایەتییە ئایینی، سیاسی و دامودەزگا حکوومییەکان بە توندی سەرۆکۆنەی لێدوانەکەیان کرد و لە دادگا سکاڵایان لەسەر تۆمار کرد.