ئەکسیۆس: فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا گەیشتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، لیوا مایکل کۆرێلا، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە،4 ی ئابی 2024، گەیشتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەش  وەک ئامادەکاریی بۆ بەرپەرچدانەوەی ئێران و حزبوڵلای لوبنان لە دژی ئیسرائیل.

ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکییەوە ڕایگەیاندووە، جەنەراڵی ئەمەریکی بەرپرسی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ وەڵامی تۆڵەسەندنەوەی ئێران و حزبوڵلا لە دژی ئیسرائیل لە پاشخانی کوشتنی بەرپرسانی باڵای بزووتنەوەی حەماس و حزبوڵلا، گەیشتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەش کردووە "بڕیارە کۆرێلا سەردانی ژمارەیەک وڵاتی کەنداوی عەرەبی و ئوردن و ئیسرائیل بکات. سەردانەکەی بۆ ئوردن گرنگترینیان دەبێت، چونکە ئەم وڵاتە ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ڕابردوو".

پنتاگۆن، ڕۆژی هەینی دووپاتی کردەوە کە ئەمەریکا هێزەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاد دەکات، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و کەشتی جەنگی و فڕۆکەی جەنگی زیاتریش بۆ ناوچەکە دەنێرێت.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، پێشتر بانگەشەی ئەوەی کرد کە عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاردانەوەی کوشتنی سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تاران، فەرمانی لێدانی ڕاستەوخۆی بۆ سەر ئیسرائیل دەرکرد دواتر ئەمیر سەعید، نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی  گوتی کە لە تاران مافی بەرگریی لە خۆی هەیە بۆ ئەوەی وەڵامی کوشتنی هەنییە بداتەوە هەر کاتێک بە پێویستی بزانێت. هەروەها ئاماژەی بەوەدا، کە کوشتنی  هەنییە بەبێ پشتیوانیی هەواڵگریی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل نەکراوە.

شەوی 14ـی نیسان، سوپای پاسدارانی ئێران هێرشێکی بۆ سەر خاکی ئیسرائیل دەست پێ کرد وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە بۆمبارانی کونسوڵخانەی ئێران لە سووریا، لە لایەن فڕۆکە ئیسرائیلییەکانەوە لە سەرەتای هەمان مانگدا.