بەبێ ئەوەی درێسی یانەكەی پۆشی بێت 4 دەفتەر دۆلاری لە هەولێر بردەوە

"فیفا" چوار یانەی خولی ئەستێرەكانی عێراقی لە بازاری گواستنەوەی یاریزانان سڕ كرد

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی ناسراو بە "فیفا" چوار یانەی خولی ئەستێرەكانی عێراقی لە بازاری گواستنەوەی یاریزانان سڕ كردووە، لە نێویاندا یانەی هەولێریشی تێدایە كە ناتوانێت هیچ یاریزانێكی نوێی تۆمار بكات تاوەكو كێشەكانی چارەسەر نەكات.

فیفا لە بازاری گواستنەوەی یاریزانان یانەكانی شورتە، هەولێر، كەربەلا و حدود سڕ كردووە، بەوپێیەی هەریەك لەو یانانە لە لایەن یاریزانانی پیشەگەرەوە سكاڵایان لەسەر تۆمار كراوە. 

 یانەی هەولێر بەهۆی سكاڵای یاریزانێكی پیشەگەری توونسی ناتوانێت هیچ یاریزانێك لە گواستنەوەی یاریزانان تۆمار بكات، ئەو یاریزانە نزیكەی 4 دەفتەر دۆلاری لە یانەی هەولێر بردەوە.

یانەی هەولێر لە دەستپێكی وەرزی رابردوو لەگەڵ بەرگریكاری پیشەگەری توونسی بە ناوی (سامی هومامی) بەشێوەی ئۆنلاین گرێبەستێكیان لە نێوان خۆیاندا واژۆ كرد، هەولێر كۆپییەك لە گرێبەستە واژۆكراوەكەی هەر بە ئۆنلاین بۆ یاریزانە پیشەگەرە تونسییەكە نارد، بەڵام دوای ماوەیەك هەولێر لە گواستنەوەی یاریزانەكە پەشیمان دەبێتەوە.

یاریزانە پیشەگەرەكە لە فیفا سكاڵای لەسەر هەولێر تۆمار كرد بە هۆكاری ئەوەی چاوەڕێی هەولێری كردووە و چەندان ئۆفەری ڕەتكردووەتەوە، بەمەش فیفا سكاڵایەكەی ئەو یاریزانەی لە دژی هەولێر پەسەند كرد، هەرچەندە هەولێر زۆر هەوڵی دا لەو كەیسە رزگاری بێت، بەڵام نەیتوانی ئەستۆپاكی خۆی لەو كەیسە بسەلمێنێت، بەمەش ئەم یاریزانە بەبێ ئەوەی درێسی یانەی هەولێر بپۆشێت نزیكەی 40 هەزار دۆلاری لە هەولێر بردەوە.

بەپێی یاسای فیفا بۆ ئەمجۆرە كەیسانە بەرامبەر هەر دواكەوتنێك بڕێك پارەی زیادە دەچێتە سەر سزایەكە، ئەمەش لە كاتێكدا یانەی هەولێر ساڵی پێشووتر دوو سكاڵای دیكەی دۆڕاند دوای ئەوەی ئەیمەن تەرابلسی تونسی و زەید جەمال ئەبو عەبدی ئوردنی بەهۆی وەرنەگرتنی مووچە و شایستە داراییەكانیان لە فیفا سكاڵایان لەسەر هەولێر كرد و داوایەكەشیان بردەوە.

سامی هومام بەرگریكاری توونسی، ئەو یاریزانەی سكاڵایەكەی لە یانەی هەولێر بردەوە