لە ئۆڵمپیكی پاریس ژمارەی وەرزشكارانی كورد هاوتای عێراقە

لە ئۆڵمپیكی پاریس، مێدالیایەكانی وەرزشكارانی كورد لە هی وەرزشكارانی عەرەبی عێراقی زیاتر بوو

ئەگەرچی هێشتا خەونی سەربەخۆیی كوردستان نەهاتووەتە دی، بەڵام لە یارییە تاكییەكانی ئۆڵمپیكی پاریس ژمارەی وەرزشكارە كوردەكان هێندەی ژمارەی وەرزشكارەكانی عێراق بوو، لە نێویاندا كوردێك یەكەمین مێدالیای زێری بردووەتەوە، لە بەرامبەردا وەرزشكارانی عێراق بەدەستی بەتاڵ ماڵئاواییان لە ئۆڵمپیكی پاریس كردووە.

كوردستان و عێراق لە ئۆڵمپیكی پاریس
لە یارییە تاكییەكانی ئۆڵمپیكی پاریس، وەرزشكاری كورد لەژێر ئاڵای وڵاتانی ئێران، سوید و ئازەربایجان بەشدارییان كردووە، لە كاتێكدا عێراق بە چوار وەرزشكار بەشداریی كرد، پێش ئەوەی ركابەرییەكانیش دەست پێ بكات، وەرزشكارێكی عێراق بە گومانی بەكارهێنانی ماددەی وزەبەخش بە ناوی سەجاد غانم لە یاریی جۆدۆ دوورخرایەوە، بەمەش تەنیا 3 وەرزشكاریی عێراقی لە ركابەرییەكانی مەلەوانی، راكردن و بەرزكردنەوەی قورسایی مافی ئەوەیان هەبوو بەشداریی لە ئۆڵمپیك بكەن، سەرجەمیان بەدەستی بەتاڵ گەڕانەوە.

 

ئاریان سەلیمی مێدلیای زێڕی لە ئۆڵمپیكی پاریس بردەوە
ئاریان سەلیمی پاڵەوانی كوردی شاری كرماشانی رۆژهەڵاتی كوردستان، مێدالیای زێڕی لە ئۆڵمپیكی پاریس بردەوە، بووە یەكەمین وەرزشكاری كورد لە مێژووی ئۆڵمپیك مێدالیای زێڕ بباتەوە.
ئاریان سەلیمی تەمەن 20 ساڵ بۆ یەكەمجار بەشداریی لە ئۆڵمپیك كرد، لە یەكەمین یاریی لە ئۆڵمپیكی پاریس شكستی بە رافاڵۆڤیچی پاڵەوانی ئۆزبەكیستانی هێنا، لە قۆناغی كۆتاییش لە كێشی سەرووی 80 كیلۆگرامیدا بە ئەنجامی 2 ـ 1 لە پاڵەوانی بەریتانی كادین كۆنینگهامی بردەوە و بووە خاوەنی یەكەمین مێدالیای زێڕ، دوای بردنەوەكەشی لەسەر شێوازی كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئاهەنگی گێرا.
راستەوخۆ لە دوای سەركەوتنەكەش، مەسعوود پزیشكیان سەرۆككۆماری ئێران پیرۆزبایی لە ئاریان سەلیمی پاڵەوانە كوردەكە كرد لە پلاتفۆرمی x مەسعوود پزیشكیان نووسیویەتی: بەو مێدالیا زێڕەی بەدەستتهێنا شانازیت پێوە دەكەین كە دڵی ئێمەت خۆش كرد.
لە لایەكی دیكەیشەوە كەناڵی 3ـی وەرزشی نزیك لە حكوومەتی ئێران بە ناونیشانێكی گەورە بە بەكارهێنانی راستەیەكی كوردی نووسیویەتی: هەر بژی شێرەكەی
ئاریان سەلیمی بووە سێیەمین وەرزشكاری ئێران لە ئۆڵمپیكی پاریس مێدالیای زێڕ بباتەوە، پێشتریش لەسەر ئاستی ئاسیا ئەو لاوە كوردە چەندان مێدالیای زێڕ و زیوی بردووەتەوە.

 

كچە یاریزانێكی كورد بەشداریی لە 5 یاریی ئۆڵمپیك دەكات
مارلینا جەواد لە خانەوادەیەكی شاری هەولێرە، بەڵام زیاتر لە 40 ساڵە لە ئەورووپا نیشتەجێبوونە، ئەو كچە كوردە هاوشانی 119 وەرزشكاری سوید بەشداریی لە ئۆڵمپیكی پاریس كردووە، بەڵام تاكە یاریزانی نێو شاندەكەی سویدە بەشداریی لە جۆری Modern Pentathlon دەكات كە لە پێنج یاریی پێك دێت (ئەسپسواری، شمشێربازی، مەلەوانی، نیشانەشكێنی و راكردن.

 

 

بەهێزترین پاڵەوانی جیهان بە زەحمەت پشتی پاڵەوانە كوردەكەی لە زەوی دا
سەباح شەریعەتی پاڵەوانی زۆرانبازی كوردی شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان لە ئۆڵمپیكی پاریس لەژێر ئاڵای ئازەربایجان بەشداریی دەكات، بەوپێەی بەهۆی دۆخی سیاسی و نەتەوایەتی لە ئێران. سەباح سڕ كراوە و بە ناچاری كۆچی ئەورووپای كردووە و دووەمین ئۆڵمپیكە لەسەریەك لەژێر ئاڵای وڵاتێكی دیكە بەشداریی لە ئۆڵمپیك دەكات.
ئەم پاڵەوانە كوردە لە ئۆڵمپیكی ریۆ دی جانیێرۆی 2016ـی بەرازیل مێدالیای بڕۆنزی بردەوە، لە ئۆڵمپیكی پاریسش دوای دوو سەركەوتنی لەسەریەك، لە قۆناغی پێشكۆتایی رووبەڕووی پاڵەوانی یەكەمی جیهانی بووەوە كە پاڵەوانێكی وڵاتی كۆبایە بە ناوی نونۆ لۆپێز كە چوار ئۆڵمپیكە لەسەریەك مێدالیای زێر دەباتەوە.

سەباح شەریعەتی دوای ركابەرییەكی زۆر نەیتوانی پشتی پاڵەوانەكەی كۆبا لە زەوی بدات و یارییەكەی دۆڕاند. بەڵام سەباح شەریعەتی هێشتا لە ئۆڵمپیكی پاریس هیوای لەدەست نەداوە و بڕیارە ئەمڕۆ لەسەر بڕینی مێدالیای بڕۆنز رووبەڕووی ئەمین میرزادەی پاڵەوانی ئێرانی بێتەوە.
پێشتر سەباح شەریعەتی لە چەندان پاڵەوانێتی جیاواز مێدالیای جۆراوجۆری بردووەتەوە، دیارترینیان مێدالیای بڕۆنزی ئۆڵمپیکی ریۆ دی جانێرۆ ساڵی 2016، مێدالیای زیو لە جامی جیهانی باکۆی لە ساڵی 2015، مێدالیای بڕۆنز لە پاڵەوانێتی مێنسك ساڵی 2018، مێدالیای زیو لە پاڵەوانێتی ئەوروپی لە زاگرێب ساڵی 2023.

 

راهێنەرێكی كورد بەشداریی سێیەمین ئۆڵمپیكی كرد
جەمیل لەتیفڵڵا نەسەبی، یەكێكە لە دیارترین راهێنەرە كوردەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و خەڵكی شاری سنەیە و سێیەمین ئۆڵمپیكە وەكو راهێنەری هەڵبژاردەی پینگ پۆنگی ئێران بەشداریی دەكات، لە ئۆڵمپیكی پاریسیش بەشداریی كرد و تا قۆناغەكانی كۆتایی رۆیشتن، بەڵام نەیانتوانی هیچ مێدالیاییەك ببەنەوە.
جەمیل لەتیفڵڵا پێشتر یاریزانی تیپی تۆپی سەرمێزی هەڵبژاردەی ئێران بووە، بەڵام لەوەتەی ساڵی 2006ـەوە روویكردووەتە بواری راهێنەرایەتی و ئێستاش لە شاری سنە خاوەنی هۆڵێكی تایبەتە بە پینگ پۆنگ و رۆژانە مەشقی بە دەیان بەهرەمەندی كورد دەكات و لەسەر ئاستی ئێران ناوبانگێكی گەورەی هەیە.

 

كورد سەرۆكایەتی شاندی هەڵبژاردەی عێراق دەكات
لە لایەكی دیكەیشەوە لە ئۆڵمپیكی پاریس، هەردە رەئوف كوردێكی شاری سلێمانییە، لە ئۆڵمپیكی پاریس سەرۆكایەتی شاندی هەڵبژاردەی عێراق دەكات، لەنێو شاندی عێراق ئەحمەد جەبار پاڵەوانی كوردی تایكواندۆی شاری هەولێر لە پاڕائۆڵمپیك بەناوی عێراق رۆژی 28ـی ئەم مانگە رووبەڕووی پاڵەوانێكی ئەمریكا دەبێتەوە و شەڕی بردنەوەی مێدالیای زێڕ دەكات.
لە لایەكی دیكەیشەوە لەسەر ئاستی تۆپی پێ دوو یاریزانی كورد یوسف ئەمین و بڵند ئازاد لەگەڵ هەڵبژاردەی ئۆڵمپی عێراق بەشدارییان لە ئۆڵمپیكی پاریس كرد.