ململانێی سیاسی و یاسایی چوار ساڵە لێکۆڵینەوەکانی بەندەری بەیرووتی پەخستووە

چوار ساڵە هیچ کەسێک لە سەر تەقینەوەکەی بەندەری بەیرووت دەستگیر نەکراوە

بەندەری بەیرووت دوای تەقینەوەکەی 4ی تەممووزی 2020 (وێنە - AP)
بەندەری بەیرووت دوای تەقینەوەکەی 4ی تەممووزی 2020 (وێنە - AP)

لوبنانییەکان ئەمڕۆ، یەکشەممە 4ی لە چوارەمین ساڵیادی تەقینەوەکەی بەندەی بەیرووت بە ناڕەزایی دەربڕین، ڕژانەوە شەقامەکان و بە دەربڕینی هاوخەمیی لەگەڵ کەسوکاری قوربانییان، داوا جێبەجێکردنی دادپەروەری و لێپرسینەوە لە تاوانبارانی تەقینەوەکە دەکەن.

لە یەکەم ڕۆژی ڕووداوەکەوە کە بووە هۆی مردنی 220 کەس، دەسەڵاتدارانی لوبنان هۆی تەقینەوەکەی 4ی ئابی 2020 دەگەڕێننەوە بۆ هەڵگرتنی بڕێکی زۆر لە نیتراتی ئەمۆنیۆم لە کۆگاکانی بەندەری بەیرووت بەبێ ئەوەی هیچ ڕێکار و ڕێنماییەکی خۆپارێزی لە شێوازی هەڵگرتنەکە ڕەچاو کرابێت؛ گوایە بەهۆی ئاگرکەوتنەوەیەک کە سەرچاوەکە نەزانراوە، گەورەترین تەقینەوەکە هەموو بەیرووتی بە دەوروبەریشەوە هەژاند، هەر دوای ڕووداوەکە بەرپرسانی حکوومەتی لوبنان لە کەمتەرخەمییەکانی شێوازی هەڵگرتنی ماددەکان تێگەیشتن، بەڵام هیچیان نەکرد.

چوار ساڵە لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی تەقینەوەکە و ئاشكراکردنی لایەنی کەمتەرخەم و تاوانبارانی ڕووداوەکە بەهۆی ئاڵۆزی سیاسی و یاساییەوە ڕاگیراوە.

ڕێکخەری تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان، جینین هێنیس پلاسخارت دوای تەواوبوونی ئەرکەکەی لە نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، کە ئێستا لە هەمان پۆست لە لوبنان دەست بەکاربووە و لە یادی کارەساتەکەدا پەیامێکی بڵاوکردووتەوە و دەڵێت:بۆشایی یاسایی و نەبوونی لێپرسینەوە لە تاوانبارانی کارەساتێکی دەستکردی مرۆڤ، کارێکی گاڵتەجاڕییە.

ڕاشیگەیاندووە "چاوەڕوان دەکرێت لایەنە بەرپرس و پەیوەندیدارەکان ماندوویینەناسانە کار بۆ نەهێشتنی بەربەستەکانی بەردەم ڕەوتی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بکەن، بەڵام ئەوەی هەیە تەواو پێچەوانەیە".

دوای تەقینەوەکە، دەسەڵاتی دادوەری، دادوەر فادی سەوانیان، بە لێکۆڵەری دادوەری ڕووداوەکە دەستنیشان کرد، بەڵام لە شوباتی 2021 دۆسییەکەی لێ وەرگیرایەوە، ئەویش دوای ئەوەی سەرۆکوەزیرانی پێشوو، حەسەن دیاب و سێ وەزیری پێشووی حکوومەتی بە کەمتەرخەم تۆمەتبار کرد.

هەروەها دادوەر تاریق بیتار کە دوای دادوەر فادی سەوان دەست بەکاربوو، ڕووبەڕووی هەمان کێشە بووەوە لەسەر نیازی لێپرسینەوە لە سەرۆکوەزیران و هەوڵی دادگاییکردنی سێ وەزیری پێشوو لەگەڵ پەرلەمانتاران و بەرپرسانی ئەمنی و سەربازی، بەڵام پەرلەمانی لوبنان خۆی لە ‌هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر دوو پەرلەمانتار بەدوور گرت و وەزارەتی ناوخۆش ڕەتی کردەوە ڕێگە بە لێپرسینەوە لە بەرپرسەکانی بدات؛ هاوکات، هێزە ئەمنییەکانیش ئامادە نەبوون هیچ بڕیارێکی دەستگیرکردنی ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان جێبەجێ بکەن.

دوای کێشمەکێشەکان ڕەوتی لێکۆڵینەوە و بەڵگە و دۆسییەکان کەوتنە نێو گۆڵمەزی سیاسیی و یاسایی، پاش ئەوەی دەیان سکاڵا لەلایەن بەرپرسان تۆمارکرا بۆ ئەوەی دادوەر بیتار، دەست لە لێکۆڵینەوەکان هەڵگرێت.

لە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵدا، دادوەر بیتار، توانی تەنیا شەش مانگ بە فەرمیی کار بکات، لەو ماوەیەدا کەوتە ژێر فشار، ئەمەش قەیرانێکی چاوەڕوان نەکراو بوو لە دەسەڵاتی دادوەری لوبناندا، بەتایبەتی دوای ئەوەی داواکاری گشتیی پێشوو، غەسان عوەیدات، شکستی بە هەوڵی دەستپێکردنەوەی لێکۆڵینەوەکان دا.

بیتار، لە 23 ی کانوونی دووەمی 2023، واتە 13 مانگ پاش هەڵپەساردنی لێکۆڵینەوەکان، بڕیاردا لێژنەیەکی نوێی دادوەری کە هەشت داواکاری گشتیی لەخۆ دەگرت، دەست بەکارە یاساییەکان بکەنەوە. عوەیدات لە نێو هەشت داواکارە گشتییەکەدا بوو کە وادەی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ 13 تۆمەتباردا دیاری کرد. بەڵام عوەیدات بەرهەڵستی لێژنەکەی کرد بە "یاخیبوون لە دەسەڵاتی دادوەری و دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات" تۆمەتباری کردن، بەم هۆیەوە بیتار لە بڕیارەکانی پاشگەز بووەوە.

بەگوێرەی سەرچاوەیەکی دادوەری، بیتار پلانی هەیە لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە ڕێکارە یاساییەکانی لێکۆڵینەوەکان بکاتەوە و لێکۆڵینەوە لە هەموو ئەو تۆمەتبارانە بکات کە ئامادەی بەردەم دادوەر نەبوون، بە گوتەی سەرچاوەکە بیتار بەنیازە بەر لە کۆتایی ئەمساڵ دوا بڕیار لەسەر دۆسییەکە بدات.