شەڕی هەسەدە و عەرەبەکانی دێرەزور بەردەوامە و کوژرانی دەیان کەسی لێ کەوتووەتەوە

هێزەکانی هەسەدە
هێزەکانی هەسەدە

هەفتەیەکە دۆخی ئەمنیی لە سنووری دێرەزور بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی چەکدارانی هۆزە عەرەبییەکانی ناوچەکە بە پشتیوانیی ڕژێمی سووریا، لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەردەوامە و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش دەکەوێتە جموجووڵی بەهێزکردنی بنکەکانی.

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردووەتەوە "لەگەڵ بەردەوامی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی دێرەزور، ڕاوێژکارە سەربازییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە هەردوو بەرەکەی ڕووباری فورات سەرقاڵی مەشق و ڕاهێنانن، بەهۆی ترس لە فراوان بوونی پێکدادانەکان، هێزێکی زیاتری بە کەلوپەلی لۆجستییەوە ڕەوانەی بنکەی کۆنیکۆی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا کردووە کە دەکەوێتە سنووری پارێزگای دێرەزور".

بە گوێرەی ئامارەکانی ڕوانگە، تاوەکوو ئێستە بەهۆی شەڕو پێکدادانەکان 40 کوژراون و 50 کەسی دیکەش بریندار بوونە. لە نێو قوربانییەکانیشدا ژمارەیەک خەڵکی سڤیل هەن و بوونەتە قوربانی گولـلەی وێڵ.

لە بارەی شەڕو ئاڵۆزییەکانەوە، ئەنجوومەنی سووریای دیموکراتی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ڕەتی دەکاتەوە بچنە نێو شەڕێک بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکانی ئەمەریکا و ئێران لەسەر خاکی سووریا.

هەروەها ڕایگەیاندووە "ڕژێمی سووریا کەوتووەتە ژێر کاریگەریی پلانی هەرێمی، هەربۆیە زمانی هەڕەشە لە دەسەڵاتدارانی دیمەشق قەبوڵ ناکەن".

هۆشداریشی داوە لەوەی "هێرشەکانی حکوومەتی سووریا و چەکدارانی هۆزە عەرەبەکانی دێرەزور کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر دۆخی ناوچەکە دەبێت، بە تایبەت دەبێتە هۆی زیاتربوونی هێرشەکانی تورکیا و چالاکبوونەوەی چەکدارانی داعش، ئەمە کاریگەری کردووەتە سەر دۆخی ئەمنی قامشلۆ و لە چوارگۆشەی ئەمنی ئاڵۆزی کەوتووەتە نێوان هێزەکانی ڕژێمی سووریا و ھەسەدە، بەڵام ڕووسیا هەوڵی نێوەندگیری و هێورکردنەوەی دۆخەکە دەدات".

شاندی ڕووسی لە قامشلۆ و حەسەکە لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی سووریا و هەدەسە کۆبووەتەوە، بەڵام دانووستانەکان بە بێئەنجام کۆتاییان هاتووە؛ هەربۆیە ڕووسیا بۆ ئەوەی دۆخەکە زیاتر لە دەست دەرنەچێت لە چوارگۆشەی ئەمنیی قامشلۆ بنکەیەکی سەربازی لە نێوان هەسەدە و حکوومەتی سووریا داناوە.