بلینکن بۆ سوودانی: سەلامەتیی سەربازەکانمان لە ئەستۆی ئێوەیە

محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق - ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا
محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق - ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا داوا لە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات بنکە سەربازییەکانیان لە هێرشی گرووپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران، بپارێزن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بڵاوی کردووەتەوە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە و لە پاڵ تاوتووێ کردنی دۆخی ناوچەکە، بلینکن جەختی لە ئەرک و بەرپرسیارێتی حکوومەتی عێراق کردووەتەوە بۆ پاراستنی بنکەکانی ئەمەریکا لە هێرشی گرووپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران.

هەروەها هەردوولا جەختیان لە پابەندی بەردەوامیی بە ڕاوێژی نێوانیان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی بەغدا - واشنتن کردووەتەوە و باسیان لە سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ڕێگریی لە فراوانبوونی شەڕ لە ناوچەکە کردووە.

ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە، هاوکاتە لەگەڵ ناردنی هێزی زیاتری ئەمەریکی بە چەکی پێشکەوتوو بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەڕەشەکانی بەرەی مقاوەمە لە عێراق، کە دوێنێ لە دوا ڕاگەیەندراودا هەڕەشەی هێرشکردنەوەی سەر هێزەکانی ئەمەریکایان کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە "پابەندی هیچ کۆتوبەندێک نابن، ئەگەر هێزەکانی ئەمەریکا جارێکی دەست بۆ گرووپ و چەکدارەکانی بەرەکە درێژ بکەنەوە".

بەرەی مقاوەمەی عێراق ڕاشیگەیاندووە "ئەگەر ئەمەریکا ئاسمانی عێراق بەکار بهێنێت بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی لە ئێران، ئەوە گرووپەکانی مقاوەمە دەستەوسان نابن و هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا کۆتایی نایەت".

هەروەها پێگەی هەواڵی ئەمەریکی ئەکسیۆس بڵاوی کردووەتەوە، بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ پرسی ڕاگرتنی شەڕی غەززە و هێورکردنەوەی دۆخی شڵەژاوی ناوچەکە جارێکی دیکە بگەڕێتەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەردانی هەریەک لە قەتەر و میسر و ئیسرائیل بکات.