پزیشکیان: پشتیوانییەکانی ڕۆژئاوا لە ئیسرائیل ئاسایشی ناوچەکە و جیهانی خستووتە مەترسییەوە

مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران
مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران

مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێت: بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەرانبەر بە تاوانکارییەکانی ئیسرائیل دژ بە مرۆڤایەتیی و پشتیوانییەکانی بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە ڕژێمی ئیسرائیل بووەتە هاندانێک تاوەکوو لە تاوانکارییەکان بەردەوام بێت، ئەمەش بووەتە هەڕەشە لە سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و جیهان.

بەگوێرەی ئاژانسی ئێرنا، پزیشکیان بە تەلەفۆن، ئەم قسانەی بە کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتووە، لەو کاتەی باسی ئاسایش و سەقامگیرییەکانی ناوچەکە و جیهانیان کردووە.

ئاژانسی فەرمی ئێران نووسیویەتی "سەرۆککۆمار ئاماژەی داوە، جەنگ لە هیچ شوێنێکی جیهان لەبەرژەوەندی هیچ وڵاتێک نییە، بەڵام وەڵامدانەوەی دەستدرێژییەکان مافی وڵاتانە و بۆ کۆتاییهێنان بە دەستدرێژی و پێشێلکارییەکانی سەروەری هەر وڵاتێک".

هەروەها سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا داوای دانبەخۆداگرتنی لە سەرۆککۆماری ئێران کردووە بۆ ئەوەی هیچ کاردانەوەیەک بۆ تۆڵەسەندنەوە لە ئیسرائیل نەکات. لەگەڵ ئەوەشدا جەختی لەسەر کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە کردووە و ڕاشیگەیاندووە "پێویستە ئێران هاوکار بێت بۆ ئەوەی دۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە و هاوکارییە مرۆییەکان هەرچی زووە بگەیەنرێتە خەڵکی لێقەوماوی غەززە".

لەلایەکی دیکەوە لە وەڵامی ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا بۆ دانبەخۆداگرتنی ئێران بەرانبەر بە ئیسرائیل، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە "ئێران ڕژدە لە بەرگریی لە سەروەری و ئاسایشی نەتەوەیی خۆی". هەروەها بۆ بەرقەراری سەقامگیرییەکی هەمیشەیی لە ناوچەکە و دروستکردنی بەربەست لەبەردەم سەرچاوەی ڕاستەقینەی نائارامی و لە ناوچەکەدا و داوای مۆڵەت لە هیچ کەس و لایەنێک ناکات".