گازی باكوور بۆ خولی نایابی عێراق 7 یاریزانی كوردی گواستەوە

گازی باكوور دەیەوێت لە رێگەی یاریزانە كوردەكان خەونی گەیشتنی بە خولی ئەستێرەكانی عێراقی بێتە دی

یانەی گازی باكووری شاری كەركووك بۆ ئەوەی خەونی گەیشتنی بە خولی ئەستێرەكانی عێراق بێنێتە دی 7 یاریزانی كوردی گواستووەتەوە و پێشبینی دەكرێت لە رۆژانی داهاتوو گرێبەستی چەندان یاریزانی دیكەی یانە كوردستانییەكان رابگەیەنێت.
یانەی گازی باكوور بۆ وەرزی نوێی خولی نایابی عێراق ئەركی راهێنەرایەتی یانەكەی رادەستی مەحموود مەجیدی كردووە، ئەم راهێنەرە وەرزی رابردوو نزیك بوو لەوەی یانەی رومادی بۆ خولی ئەستێرەكانی عێراق سەربخات.
لە لایەكی دیكەیشەوە یانەی گازی باكوور عەبدوڵڵا حەمەدی گۆڵپارێزی پێشووی یانەكانی هەولێر و برایەتی لە یانەكە هێشتەوە و شەش یاریزانی دیكەی یانەكانی خولی نایابی كوردستانیشی گواستەوە.
یانەی گازی باكوور بۆ هێڵی هێرشبەر عومەر محەمەدی لە یانەی چوارقوڕنە و دانا مستەفای لە پێشمەرگەی سلێمانییەوە هێنایە ریزەكانی، بۆ هێڵی بەرگریش یانەكەی شاری كەركووك گرێبەستی لەگەڵ عومەر ئیبراهیم لە یانەی هەولێر و هەمزە عەباس لە یانەی چوارقورنە واژۆ كرد.
لە لایەكی دیكەیشەوە گازی باكوور دوو یاریزانی ناوەراستكاری یانەكانی پێشمەرگەی هەولێر و برایەتی بژار مەهدی و عەلی میركە)ـی گواستەوە.
یانەی گازی باكوور وەرزی رابردوو بە دۆخێكی ناجێگیر تێپەڕی و نەیتوانی لە قۆناغی كۆمەڵەكان بۆ قۆناغی كۆتایی سەربكەوێت، بۆ وەرزی نوێش مەحموود مەجید كە پێشتر لە خولی نایابی كوردستان راهێنەری یانەكانی برایەتی، چوارقوڕنە و ئاكرێ بووە بڕیاریداوە پشت بە زۆرینەی یاریزانی كورد ببەستێت.