کەمپەینی بانگەشەی هەڵبژاردنی کامالا هاریس لەلایەن هاککەرانەوە دەکرێتە ئامانج

کەمپەینی بانگەشەی کامالا هاریس کاندیدی دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لەلایەن هاککەرە بیانییەکانەوە کراونەتە ئامانج، ئەمەش دوای چەند ڕۆژێک لە بانگەشەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ دێت کە لەلایەن ئێرانەوە هاککرابوون.

بەرپرسێکی کەمپەینی کامالا هاریس بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، لە مانگی تەمموزدا تیمە یاسایی و ئەمنییەکانی کەمپەینەکە FBI یان ئاگادار کردەوە کە ئێمە ئامانجی بووینەتە ئامانجی بیانییەکان.

بەرپرسەکە ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە ڕێکاری بەهێزی ئاسایشی ئەلیکترۆنیمان هەیە، ئاگاداری هیچ پێشێلکارییەکی ئەمنی سیستەمەکانمان نین کە لە ئەنجامی ئەم هەوڵانەدا ڕووبدات".

کەمپەینەکە سەبارەت بەو بابەتە هیچ ئاماژەیەکی نەخستووەتەڕوو، بەڵام هێشتا لە پەیوەندیدایە لەگەڵ دەسەڵاتداران.

دووشەممەی ڕابردوو وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، هۆشداری داوەتە ئێران لە دەرئەنجامەکانی هەر دەستوەردانێک لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا، ئەو هۆشدارییەش دوای ڕاگەیاندنی کەمپینی هەڵبژاردنەکانی ترەمپ هات کە باسیان لەوەکردبوو هاککراون.

شەممەی ڕابردوو، بەرپرسی کەمپەینی هەڵبژاردنی ترەمپ، ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە لە پشتی هاککردنەکانی کەمپەینەکە بوون و چەند بەڵگەنامەیەکیان دزە پێکردووە.

کەمپەینەکە هۆشداری دایە میدیاکان لە بەکارهێنانی ئەو بەڵگەنامانە و ڕایگەیاندووە، کە ئەم جۆرە کارانە خزمەت بە "دوژمنانی ئەمەریکا" دەکەن.