مەحمود عەباس لەسەر داوای ئەردۆغان سەردانی تورکیا دەکات

مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین لە سەر داوای رەجەب تەیب ئەردوغان سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی ئەو وڵاتە دەکات، چاودێرانی سیاسی هەوڵەکانی تورکیا بۆ ئاسایی بوونەوە و ئاگربەست لە نێوان فەڵەستین ئیسرائیل دەبینن.

لەسەر بانگهێشتی سەرۆککۆماری تورکیا، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی ئابی 2024، مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین، سەردانی تورکیا بکات و کۆبوونەوە و دیداری لەگەڵ بەرپرسانی باڵای تورکیا دەبێت، ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەش سەبارەت بە ڕەوشی غەززە و هێرشەکانی ئیسرائیلە، هاوکات بەشێک لە بریندارەکانی غەززە کە لە تورکیا چارەسەریان بۆ کراوە بەشداری دانیشتنەکە دەبن. چاودێرانی سیاسیش هاتنی محمود عەباس بە سەردانێكی مەعنەوی دەبینن نەک سیاسی.

مەریوان جیاووک، چاودێری سیاسی و ئەندامی ئاکپارتی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ئەو دانیشتنە زیاتر سیاسییە و دەنگدانەوەی هەیە، دەبوایە لە مانگی نیسان هاتبوایە تورکیا، دەشڵێت، ئەو سەردانە گەرنگی خۆی بۆ موسڵمانان و عەرەب و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە".

سەرۆککۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پێشترجەختی لەوە کردبووەوە کە وڵاتەکەی هەمووهەوڵێک لە پێناو ئاشتی و ئاسایی بوونەوەی باروودۆخی غەززە دەدات، سەردانەکەی محمود عباس لە سەربانگیشتی ئەردوغانە کە ئەمڕۆ 14ی ئاب دێتە تورکیا و 15ـی ئابیش لە سەرداوای سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا وتارێک لە پەرلەمان پێشکەشدەکات .ئەمە لە کاتێکدایە پەرلەمانی تورکیا لە پشووی فەرمیدایە، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە ژێر ناوی دانیشتنێکی نائاسایی بانگیشتی ئەندام پەرلەمان و لایەنەکانی دیکەی کردوە هاوکات سەرۆک کۆماری تورکیاش بەشداری دانیشتنەکەی پەرلەمانیش دەکات.

عومەر پۆڵات، چاودێری سیاسی گوتی: تورکیا هەوڵی ئاشتی لەنێوان فەڵەستین و ئیسرائیل دەدات، بەڵام پێم وایە ئەوەی خەڵکی تورکیا بۆ غەززە دەسوتێت، وای نابینم مەحمود عەباس بەوشێوازە بێت.

مەحموود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمانی تورکیا لەبارەی کۆمەڵکوژییەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە و هەوڵەکان بۆ ئاگربەست بانگهێشتی تورکیا کراوە، چاوەڕوان دەکرێت ژمارەیەکی بەرچاو لە باڵیۆز و نێردە دیپلۆماسییەکان بەشداری لە دانیشتنەکە بکەن.