گەشتیاری ئاینیی سوودی ئابوورییان بۆ عێراق نییە

سەرباری ئەوەی خاوەنی ژمارەیەک شوێنی ئاینیی گرنگە، کە ساڵانە ملیۆنان کەس سەردانی دەکەن، بەڵام کەربەلا دۆخی خزمەتگوزاری تیایدا خراپە و نەیتوانیوە گەشتاریی ئاینی بکاتە کەرەستەیەکی وەبەرهێنان و فرەچەشنکردنی داهات.

حکوومەتی خۆجێی پارێزگاکە دەڵێت، گەشتیارانی ئاینی پرسێکی ڕۆحیە و نابێت بۆ مەبەستی ئابووری بەکاربهێنرێت، چاودێرانیش ئەم دیدگەیە بە هەڵە و بەهەدەرانی سامان ناو دەبەن.

شارە ئاینییەکانی عێراق و لەسەرویانەوە کەربەلا بەم دواییانە زیارەتکاری زۆر سەردانیان دەکەن لەسەرانسەری جیهانەوە بۆ بەشداریی لە ڕێوڕەسمە ئاینییەکان، هاتنی ئەم ژمارە زۆری گەشتیار نەکراوەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی تێدابکرێت و سەرچاوەکانی داهات فرەچەشن بکرێت. هێشتا حکوومەت چاوی لەداهاتی نەوتە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی کە نرخەکەی جێگیر نییە.

هاووڵاتیەک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەداخەوە دەبینی ئەمڕۆ لەعێراق دەیان جێگەی گەشتیاری و شوێنی پیرۆزی ئاینی هەن، کە خەڵک لەسەرانسەری جیهانەوە ڕوویان تێ دەکات، بەڵام بەپێی پێویست وەبەرهێنانیان تێدا نەکراوە. تەنانەت هۆتێلەکانیشمان بەپێی پێویست خزمەتگوزارییان تێدا نییە.

هاووڵاتییەکی دیکە باس لەوە دەکات، کەربەلا پێویستی بە پلان و ستراتیجیی جیاواز هەیە تا وەبەرهێنان لەو ملیۆنان کەسەدا بکرێت کە دێنە شارەکەوە لە ڕێوڕەسمیە ئاینییەکاندا، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە خزمەتگوزاریی و چاودێریی تەواو بۆ ئەو زیارەتکارانەش دابین بکرێت.

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن گەشتاریی ئاینی، سەرباری زۆریی ژمارەیان، نەبووەتە جێگەی سەرنجی حکوومەت لە پلانەکانیدا. چونکە حکوومەت پێی وایە ئەم یادە ئاینیانە زیاتر ڕۆحانین وەک لەوەی هەلی ئابووری بن.

لەم چوارچێوەیەدا بەرپرسانی خۆجێی کەربەلا باس لەودەکەن، خزمەتکردنی زیارەتکاران ئەرکە لەسەریان و پێویستە بەخۆڕایی بن.

ئەزهەر کەڵەش، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی هۆتێل و چێشتخانەکانی کەربەلاش دەڵێت: یادی عاشورا و سەردانی زیارەتکاران بابەتێکی ڕۆحانییە وەک لەوەی بابەتی ماددی بێت، پرسەکە زیاتر ئاینییە و پەیوەندی بە سودوەرگرتنەوە نییە خاوەن هۆتێل و میوانخانەکانیش خزمەتیان دەکەن.

چاودێران پێیانوایە ئەم دیدگەیە لە ڕاستیەوە دوورە، چونکە حکوومەتی عێراقی توانای خۆی بەکار دەهێنێت بۆ خزمەتکردنی زیاترەکاران و دابینکردنی پێداویستییەکان، لەکاتێکدا کەربەلا ژێرخانی خراپە و خزمەتگوزاری تێدا نییە، بەراورد بەو دەوڵەتانەی ئەم هەلانە لەپێناو بەهێزکردنی ئابووریان دەقۆزنەوە.