ڕووسیا هاووڵاتییەکی ئەمەریکی لەسەر بەخشینی 50 دۆلار بە ئۆکرانیا 12 ساڵ زیندانی کرد

ئاژانسە هەواڵییەکان بڵاویان کردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، دادگای ڕووسیا سزای 12 ساڵ زیندانی بەسەر کسێنیا کارێلینای ڕووسی-ئەمەریکیدا سەپاند، ئەمەش دوای ئەوەی تۆمەتی "خیانەت"کردنی درایە پاڵ، کە زیاتر لە 50 دۆلاری بەخشیوەتە ڕێکخراوێکی خێرخوازیی لایەنگرانی ئۆکرانیا.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردووەتەوە، کە دادگای سڤێردلۆڤسک لە شاری ئیکاتێرینبۆرگ لە ناوچەی ئۆرال ڕایگەیاندووە: "دادگا بڕیاریدا کە کسێنیا کارێلینا تاوانبارە بە خیانەتێکی گەورە و سزای 12 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێندرا". ئاماژە بەوەش دراوە، کارێلینای تەمەن 32 ساڵ لە دانیشتنێکی داخراودا دادگایی کرا.

مێدیاکانی ڕووسیا بڵاویان کردەوە: لە ڕۆژانی دوای دەستپێکردنی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا، کارێلینا نزیکەی 50 دۆلاری گواستۆتەوە بۆ ڕێکخراوی ناحکومەتیی "رازوم"، کە هاوکاری ماددیی پێشکەش بە ئۆکرانیا دەکات.

دادگا سەلماندی کە ئەم بڕە پارەیە بۆ کڕینی کەرەستەی پزیشکی و چەک و تەقەمەنی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا بەکارهاتووە، ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کاتی دادگاییکردنەکەدا تۆمەتبارەکە بە تەواوی دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.

کارێلینا، خەڵکی شاری ئیکاتێرینبۆرگی ناوچەی ئۆرالی ڕووسیایە، بەڵام لە ویلایەتی کالیفۆرنیا لە ئەمەریکا نیشتەجێ بووە و زیاتر لە 10 ساڵ لەمەوبەر کۆچی کردووە و ڕەگەزنامەی ئەمەریکی وەرگرتووە.