یەمەن؛ لە تەقینەوەیەکی خۆکوژیدا دەیان چەکدار کوژران و بریندار بوون

لە تەقینەوەیەکی خۆکوژیدا بە ئۆتۆمبیلێکی بۆمبڕێژکراو لە باشووری یەمەن، دەیان سەرباز کوژران و بریندار بوون و تۆمەتەکەش دەخرێتە ئەستۆ ڕێکخراوی قاعیدە.

سەرچاوە سەربازی و پزیشکییەکانی یەمەن ڕایانگەیاندووە "لە تەقینەوە خۆکوژییەکەی ڕۆژی هەینی لانیکەم 16 سەرباز کوژراون و 16ـی دیکەش بریندار بوونە. ئەمەش دوای ئەو هێرشەی کە کرایە سەر"لیوای سێیەمی پشتیوانیی، لە ناوچەی مودییە ​​لە پارێزگای ئەبین لە ڕۆژهەڵاتی عەدەن کە پایتەختی کاتیی یەمەنە.

محەممەد ئەلنەقیب، گوتەبێژی سەربازی ئەنجوومەنی ئینتقالی باشوور ڕوونی کردەوە: هێرشەکە بە ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو کراوە، کە لەلایەن کەسێکی خۆکوژەوە تەقێندراوەتەوە، هەروەها سەدان کیلۆ ماددەی تەقەمەنی پێ بووە.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا هێزەکانی سەر بە ئەنجوومەنی ئینتیقالی هەڵمەتێکی بەرفراوانیان بۆ ڕاوەدوونانی چەکدارانی قاعیدە بە تایبەت لە پارێزگاکانی ئەبین و شەبوە دەست پێ کرد. پێش ئەوە هێزەکانی یەمەن بە پشتیوانی هاوپەیمانان دەستیان بە هەڵمەتێکی سەربازی کرد بۆ ئازادکردنی شاری موکەڵا و ناوچەکانی دیکەی پارێزگای حەزرەموت کرد تاوەکوو لە دەستی ڕێکخراوەکە دەربهێنن.

حکوومەتی یەمەن پێشتر گرووپی حوسییەکانی بە هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ قاعیدە و داعش تۆمەتبار کردبوو بۆ دەستپێکردنی هێرشەکان لە ناوچە ئازادکراوەکان، بە تایبەت لە عەدەن، ئەبین و شەبوە، ڕاپۆرتە ئەمنییەکانیش باس لەوە دەکەن کە ئەو گرووپە سەربە ئێرانە و زۆرێک لە چەکدارانی قاعیدەیان ئازاد کردووە کە لە زیندانەکانیاندا بوون.