خەزعەلی: سەرۆکی یەکێتی دانی ناوە بەوەی کەرکووک شارێکی عێراقییە نەک کوردستانی

قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی عەسائیب ئەهلی حەق
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی عەسائیب ئەهلی حەق

قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی عەسائیب ئەهلی حەق, ڕێککەوتنی هەڵبژاردنی پارێزگای کەرکووک ئاشکرا دەکات و دەڵێت: سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دانی ناوە بەوەی کە کەرکووک شارێکی عێراقییە و هیچ پەیوەندییەکی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە، بەو مەرجە پشتیوانیمان کرد بۆ ئەوەی پارێزگاری کەرکووک دابنرێت.

خەزعەلی، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵێکی عێراق سەبارەت بە پرس و ناکۆکییەکانی هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووک دەڵێ: ئێمە لە پشتگیریی یەکێتیی بەرانبەر بە پارتی زۆر ڕاشکاوین، بۆ ئەمەش دوو خاڵمان هەیە یەکێکیان سەرەکی و ڕیشەیی، ئەوەی دیکەشیان لاوەکییە، خاڵی سەرەکی و ڕیشەییمان ئەوەی کە مەزهەب و گوفتار و بڕوامان ئەوەیە دەبێت دان بنرێت بە عێراقیبوونی کەرکووک و پابەندیشی بن، یەکەم قسەشمان لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی هەر ئەمە بووە.

خەزعەلی زیاتر ڕوونی کردووەتەوە دەڵێ: بە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانیمان گوت ئێمە ئامادەین لەسەر داوای لایەنی عەرەبی ڕەچاو و گەرەنتی ئەم ڕێککەوتنە بکەین، بەڵام بە مەرجی ئەوەی دان بە عێراقیبوونی کەرکووکدا بنێیت، جا کێشە نییە پارێزگار کورد یان تورکمان یاخود عەرەب دەبێت، بەڵام دەبێت لە ژێر ناوی عێراقیبوونی کەرکووک بێت. ئەوە بوو بە ئامادەبوونی لایەنی عەرەبی وەڵامێکی ڕوون و ڕەوانمان لە یەکێتیی وەرگرت کە پابەندە بەوەی کەرکووک شارێکی عێراقییە.

سەبارەت بە هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستان لەمەڕ کەرکووک، ئەمینداری گشتیی عەسائیب ئەهلی حەق دەڵێ: هەندێک لایەن هەن دان نانێن بەوەی کەرکووک شارێکی عێراقییە، ڕاستە کوردستان، هەرێمێکە بەناوی كوردستانی عیراق و ماددەی 140 هەیە، ئەوانە دەیانەوێت کەرکووکیش بەشێک بێت لە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئێمە مەبەستمانە کەرکووک شارێکی عێراقییە و هەر وەک مووسڵ و دیالە هیچ پەیوەندییەکی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە. ئێمە دەمانەوێت لایەنەکان پابەندی ئەم خاڵە بن، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئاشکرا و نهێنیش هەرگیز دان بەوەدا نانێت کەرکووک شارێکی عێراقییە.

ئەم قسانەی قەیس خەزعەلی، لە کاتێکدایە شەوی شەممە، 10-08-2024، بەبێ بەشداری و ئامادەبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرەی تورکمانی و ژمارەیەک ئەندامی عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە هوتێل ڕەشیدی بەغدا، پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. ڕێبوار تەها بە پارێزگار و محەممەد حافزیش بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک هەڵبژێردران. کەرکووک یەکێکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و هەروەها بە گویرەی ماددەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عێراق، یەکێکە لە ناوچە کێشە لەسەرەکان و دەبێت بەسێ قۆناغی (ئاساییکردنەوە، قەرەبووکردنەوە، ڕاپرسی) چارەنووسی لە نێوان عێراقیبوون یان هەرێمی کوردستان یەکلایی بکرێتەوە، بەڵام چەندین ساڵە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ماددە بە پلانی سیاسیی پەک خراوە.