كێبڕكێی خانمانی ئۆڵمپیكی پاریس گەیشتە لوتكە

هەڵبژاردەكانی ئەڵمانیا و بەرازیل دەیانەوێت قەرەبووی پیاوانی وڵاتەكەیان بكەنەوە

هەڵبژاردەی خانمانی فەرەنسا و خاوەن خاك، ماڵئاواییان لە ئۆڵمپیكی پاریس كرد، لە بەرامبەردا هەڵبژاردەكانی ئەمریكا، ئەڵمانیا، بەرازیل و ئیسپانیا لە ئاستی خانمان گەیشتنە یاریی پێشكۆتایی ئۆڵمپیكی پاریسی 2024.
هەڵبژاردەی خانمانی تۆپی پێ ئۆڵمپیکی ئەمریکا، بە بردنەوەی لە خانمانی ژاپۆن گەیشتە قۆناغی پێشکۆتایی ئۆڵمپیکی پاریس.
هەڵبژاردەی خانمانی ئۆڵمپیکی ئەمریکا، خاوەنی زۆرترین مێدالیای زیڕی ئۆڵمپیک، لە قۆناغی چارەکی کۆتایی رووبەڕووی خانمانی ژاپۆن بونەوە و لە کۆتاییدا توانیان یارییەکە، بە ئەنجامی گۆڵیکی بێ وەڵام ببەنەوە، تاکە گۆڵی یارییەکەش، رودمان لە خولەکی 105 تۆماری کرد.
بەم بردنەوەیە خانمانی ئەمریکا گەیشتنە قۆناغی پێشکۆتایی، لەم قۆناغەش لە پێناو بەدەستهێنانی بلیتی یاریی کۆتایی، رووبەڕووی هەڵبژاردەی خانمانی ئۆڵمپیکی ئەڵمانیا دەبنەوە.

 

لە یارییەکی دیکەی قۆناغی چارەکی کۆتایی، هەڵبژاردەی خانمانی ئیسپانیا بە بردنەوەیان بەرامبەر کۆلۆمبیا، بلیتی قۆناغی پێشکۆتاییان بەدەستهێنا.
هەردوو هەڵبژاردە لە دووەم یاریی قۆناغی چارەکی کۆتایی ئۆڵمپیکی پاریس رووبەڕووی یەکتری بوونەوە، یارییەکە لە ماوەی 120 خولەک بە ئەنجامی دوو گۆڵ لە بەرژەوەندی هەردوولا کۆتایی، دواجار خانمانی ئیسپانیا، توانیان یارییەکە بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان، بە ئەنجامی چوار گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ ببەنەوە.
بەم بردنەوەیە هەڵبژاردەی خانمانی ئیسپانیا، بۆ جاری یەکەم گەیشتنە قۆناغی پێشکۆتایی و لەم قۆناغەش رووبەڕووی خانمانی بەڕازیل دەبنەوە.

لە یارییەکی دیکە خانمانی ئەڵمانیا توانیان خانمانی کەنەدای خاوەن مێدالیای زێڕی ئۆڵمپیکی رابردوو، تووشی دۆڕان بکەن و ئەوانیش بلیتی قۆناغی پێشکۆتاییان بەدەستهێنا.
هەردوو هەڵبژاردە بە درێژایی 120 خولەک سەرکەوتوو نەبوون لە تۆمار کردنی گۆڵ و لە کۆتاییدا یارییەکە بەرەو لێدانە یەکلاکەرەوەکان چوو، دواجار هەڵبژاردەی خانمانی ئەڵمانیا، توانیان یارییەکە بە ئەنجامی چوار گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ، لە بەرژەوەندی خۆیان یەکلایی بکەنەوە و بلیتی قۆناغی پێشکۆتاییان بەدەستهێنا.

لە کۆتاییدا هەڵبژاردەی خانمانی فەرەنسا، میوانداری ئۆڵمپیکی 2024 تووشی دۆڕان بوو و ماڵئاوایی لە ئۆڵمپیک کرد.
خانمانی فەرەنسا لە قۆناغی چارەکی کۆتایی رووبەڕووی خانمانی بەڕازیل بوونەوە، لە کۆتاییدا خانمانی سامبا توانیان، یارییەکە بە ئەنجامی گۆڵێکی بێوەڵام ببەنەوە، تاکە گۆڵی یارییەکەش لە خولەکی 82 گابی بۆرتیلۆ تۆماری کرد.
بەم بردنەوەیە خانمانی بەڕازیل گەیشتنە قۆناغی پێشکۆتایی و لەو قۆناغەش، رووبەڕووی هەڵبژاردەی خانمانی ئیسپانیا دەبنەوە.