حەماس ئاگربەست ڕەتدەکاتەوە و ئیسرائیلیش هۆشداری لە شەڕێکی بێکۆتایی دەدات

بزووتنەوەی حەماس ڕاگەیەندراوێکی لە بارەی دانووستانەکانی تایبەت بە ئاگربەستی شەڕی غەززە بڵاو کردەوە و ڕایگەیاندووە "پێشنیازە نوێیەکانی تایبەت بە ئاگربەستی شەڕ وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلە و هەر بۆیە ڕەتی دەکەنەوە".

حەماس، شکستهێنانی هەوڵەکانی ئاگربەستی شەڕ لە غەززە دەخاتە ئەستۆی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ڕایدەگەیەنێت "حەماس بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵەی لەگەڵ پرسی ئاگربەست کردووە، بەڵام ناتانیاهۆ هەموو ڕۆژێک مەرجی نوێ دادەنێت و بەربەست بۆ هەنگاوەکان دروست دەکات، هەربۆیە حەماس مەرجە نوێیەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕەت دەکاتەوە و بەرپرسیارێتیی لەبارچوونی ئاگربەستیش لە ئەستۆی ناتانیاهۆیە".

هەر لە بارەی پرسی ئاگربەستی شەڕ، یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل داوای لە بنیامین ناتانیاهۆ کردووە لەسەر پرسی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە گفتوگۆ لەگەڵ تەواوی پێکهاتەی کابینەی حکوومەتەکەی بە دەستە و وەزارەتەکانەوە بکات، نەک بە تەنیا لە ئەنجوومەنیی جەنگ قسەی لەسەر بکرێت.

کەناڵی 12 ی ئیسرائیل لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە گالانت بڵاوی کردووەتەوە "دانووستانەکانی ئاگربەست ڕەهەندێکی فراوانی نیشتمانی هەیە و تەنیا مەرجی ئازادکردن و گەڕانەوەی بارمتەکان لەخۆ ناگرێت، بەڵکو لە ئەگەری شکستی ئاگربەست، مەترسی ڕوودانی شەڕێکی هەرێمی دەکرێت".

بە گوتەی گالانت، ئیسرائیل لەبەردەم دووڕییانێکدایە، ئەگەر ڕێککەوتن و ئاگربەست نەکرێت ئەوا مەترسی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان زیاتر دەبێت و دوور نییە کۆتاییدا ببێتە شەڕێکی ناوچەیی کە حزبوڵلا و ئێرانیش ڕاستەوخۆ بکەونە شەڕەکەوە، هەربۆیە دەبێت پرسی بەڕێوەچوونی دانوستانەکان لەگەڵ تەواوی کابینەی حکوومەت تاوتوێ بکرێت.

سەرچاوەکە ئاشکراشی کردووە، گالانت، دووجار ئەم داواکارییەی پێشکەش بە ناتانیاهۆ کردووە، یەکەمیان پێنجشەممەی هەفتەی ڕابردوو و دووەم جاریش دوێنێ یەکشەممە بە ئامادەبوونی سێ بەرپرسی باڵای ئەمنی هەمان داواکاری دووبارە کردووەتەوە، بەڵام ناتانیاهۆ بە داواکارییەکە ڕازی نەبووە.