کونسوڵی گشتیی نوێی ئەمریکا پەیامێک بە کوردی بڵاو دەکاتەوە

ستیڤ بیتنەر: هەڵبژاردن پەرلەمانی کوردستان هەنگاوێکی چارەنووسسازە بۆ سەقامگیریی هەرێمی کوردستان

ستیڤ بیتنەر کونسوڵی گشتیی نوێی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان
ستیڤ بیتنەر کونسوڵی گشتیی نوێی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان

کونسوڵی گشتیی نوێی ئەمەریکا لە هەولێر بە هەردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی پەیامێکی ڤیدیۆیی بە بۆنەی دەستبەکاربوونی لە ئەرکەکەی بڵاو دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت "چاوەڕێی هەڵبژاردنێکی دادپەروەر، ئازاد و شەفافن بۆ پەرلەمانی کوردستان.  هەڵبژاردن هەنگاوێکی چارەنووسسازە بۆ سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و دیموکراسییەکەی".

ستیڤ بیتنەر، کونسوڵی گشتیی نوێی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە پەیامەکەیدا دەڵێت: زۆر خۆشحاڵم لە هەرێمی کوردستان بژیم و کار بکەم، لە ماوەی کارکردنم لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە چەند شوێنێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاری دیپلۆماتی و خزمەتی سیاسەتەکانی دەرەوەی وڵاتەکەم کردووە، بەڵام ئەمە یەکەم ئەرکمە لە هەرێمی کوردستان.

هەروەها پەرۆشیی خۆی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی واشنتن و هەولێر و هەردوو گەلی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان دەربڕیوە و جەخت دەکاتەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پابەندە بە پشتیوانیی دامەزراوە دیموکراسییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان. هاوکات،  خۆشحاڵیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی لە نزیکەوە خەڵکی هەرێمی کوردستان بناسێت و سەردانی شوێنەوارە دێرینەکان بکات و ئاشنای جوگرافیای ناوچە بێت.

هەر لە پەیامەکەیەدا ستیڤ بیتنەر کونسوڵی گشتیی نوێی ئەمەریکا لە هەولێر دەڵێت:چاوەڕێی هەڵبژاردنێکی دادپەروەر، ئازاد و شەفافین لە 20ی ئۆکتۆبەر کە هەنگاوێکی چارەنووسسازە بۆ سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و دیموکراسییەکەی".

ئەلینا ڕۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق 16ی ئەم مانگە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاو کردەوە و بەخێرهاتنی کونسوڵی گشتیی نوێی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند، ئەمەریکا هەنگاوی گەورە لە پتەوکردنی پەیوەندییە ئەمنییەکان لەگەڵ هەریـی کوردستان دەنێت لەگەڵ فراوانکردنی پەیوەندییەکانی کەرتی پەروەرە و خوێندن، هاوکات لە 20ی تشرینی یەکەم چاودێری هەڵبژاردنێکی ئازاد و بێگەرد دەکات.