بەرپرسێکی باڵای ئێران: ئێمە کاتی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل دەستنیشان دەکەین

ئەندامێکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت: وڵاتەکەی وەڵامی ئیسرائیل دەداتەوە، ئەگەر ئاگربەستیش لە غەززە ڕابگەیەنێت. خامنەییش بە بەرپرسانی گوتووە "ئامانجی دوژمن لە شەڕی دەروونی لە بواری سەربازیدا وروژاندنی ترس و پاشەکشەیە".

بەرپرسانی باڵای ئێران بە سەرۆکایەتیی عەلی خامنەیی، هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیان لە ئیسرائیل کردووە، کە تا ئیستا نە بەرپرسیارێتی خۆی لە کوشتنی ئیسماعیل هەنییە ڕاگەیاندووە، نە نکۆڵیش لێ دەکات.

لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل بە ئامانجی ئاگربەست چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، ئەگەری هێرشی ئێران کەم بووەتەوە، عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران هەفتەی ڕابردوو گوتی وڵاتەکەی پاشگەز نابێتەوە لە هێرشکردنە سەر ئیسرائیل. ئەمەش وەک هۆشدارییە بۆ ڕۆژئاوا.

خامنەیی بە کۆمەڵێک بەرپرسانی گوتووە "ئامانجی دوژمن لە شەڕی دەروونی لە بواری سەربازیدا وروژاندنی ترس و پاشەکشەیە".

جەنەراڵ ئیسماعیل کەوسەری، بەرپرسی کاروباری سەربازی لە لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی پەرلەمانی ئێران و فەرماندەی سوپای پاسداران، بە ماڵپەڕی 'دیدبان ئێران'ـی گوت: خەڵک دەتوانن شیکردنەوەی جیاواز لەسەر قسەکانی ڕێبەری باڵا بکەن، بەڵام لەبەر ئەوەی ئیسرائیل دەستدرێژی کردووەتە سەر خاکەکەمان، بڕیاردان لەسەر چۆنیەتی وەڵامدانەوەی ئەم ڕژێمە مافی یاسایی ئێمەیە و نابێت کەس بیر لەوە بکاتەوە کە ئێمە دەستبەرداری مافەکانمان دەبین تەنانەت ئەگەر ئاگربەستیش لە غەززە ڕابگەیەنرێت.

کەوسەری گوتیشی: بەپێی ڕێنماییەکانی ڕێبەر، تۆڵەسەندنەوەی ئیسماعیل هەنییە حەتمیە، بەڵام نابێت پەلە بکەین لە ئۆپەراسیۆنێک کە ڕەنگە زۆر گەورە بێت، بەڵام دەبێت هەموو کارەکانمان جێبەجێ بکەین.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد "ئێمە دەبێت کات و شوێنی گونجاو هەڵبژێرین بۆ وەڵامدانەوەی دروست، لەبەر ئەوەی ئیسرائیلی تاوانبار پێشتر هێرشی کردۆتە سەر خاکەکەمان، کۆماری ئیسلامیی مافی ئەوەی هەیە بە شێوەیەکی شەرعی بەرگری لە خۆی بکات و هیوادارین ئەم کارە بکەین، بەڵام هەڵبژاردنی کات و شوێنی  ئۆپەراسیۆنەکە لە دەستی ئێمەدایە و ئەوانیش هیچ بژاردەیەکیان نییە، جگە لەوەی چاوەڕێی وەڵامی توند لە ئێران بکات؛ ئێمە لە کاتی دیاریکراوی خۆماندا وەڵام دەدەینەوە".