بەشێک لە ئافرەتانی پەرلەمانتار تێپهڕاندنی یاسای باری كەسێتی به مەترسیدار ناو دهبەن
لە عێراق بەشێكی پەرلەمانتارانی ئافرەت تێپهڕاندنی یاسای باری كەسێتی به مەترسیدار ناو دهبەن و دەڵێن: دژی ئەو ھەنگاوە گرووپێكیان پێك ھێناوە كە چەندین ئەندام لە فراكسیۆنە جیاوازەكان لەخۆ دەگرێت. هەرچەندە خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاساكە دوا خراوە، بەڵام هێشتا بەشێکی شیعەکان ڕژدن و بەبێ گوێدانە کاردانەوەکان دەیانەوێت بەزوویی ئەو پرسە لە پەرلەمان یەکلایی بکەنەوە.
نوور نافع، پەرلەمانتاری عێراقی، رایگەیاند: بە مەبەستی ڕەتكردنەوەی ھەمواری یاسای باری كەسێتی و پاراستنی شیرازەی خێزانی عێراقی، گرووپێكی پەرلەمانیان پێك ھێناوە کە ژمارەیەک ئەندامی ئافرەتی فراكسیۆنە جیاوازەكان لەخۆ دەگرێت.
گوتیشی: گرووپەكە دەیەوێت ئەوە بۆ هەموو لایەک ڕوون بکاتەوە، بنەمای ڕەتکردنەوەکە سۆزداری نییە و پاڵنەری دەرەکیشی لەپشت نییە، بەڵکو لەسەر بنەمای تێبینییە یاسایی و ئایینی و پیشەیی و کۆمەڵایەتییەکانە و كەسانێكن كە نیگەران و خەمخۆری پاراستنی شیرازەی خێزانی عێراقیین.
بەشێکی شیعەکان دەیانەوێت هەمواری یاساکە بکەن و هەر ئافرەت و پیاوێکی عێراقی لەکاتی هاوسەرگیریدا بتوانن مەزهەبیان دیاری بکەن. بەمەش ئەگەر مەزهەبی جەعفەری بە نموونە وەربگیرێت، دەتوانرێت کچ لە تەمەنی نۆ ساڵیدا بەشوو بدرێت و کوڕیش لە تەمەنی 15 ساڵیدا زەماوەند بکات.. ئەمە و چەند خاڵێكی دیكەش كە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانان و بەتایبەتی ئافرەتان، تێپهڕاندنی یاساكه به مەترسیدار ناو دەبەن و پێیان وایە ئهو ههمواركردنانهی خراونهته ڕوو، عێراق زیاتر دابهش دهكەن.