بەشێک لە ئافرەتانی پەرلەمانتار تێپه‌ڕاندنی یاسای باری كەسێتی‌ به‌ مەترسیدار ناو ده‌بەن

باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق
باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق

لە عێراق بەشێكی پەرلەمانتارانی ئافرەت تێپه‌ڕاندنی یاسای باری كەسێتی‌ به‌ مەترسیدار ناو ده‌بەن و دەڵێن: دژی ئەو ھەنگاوە گرووپێكیان پێك ھێناوە كە چەندین ئەندام لە فراكسیۆنە جیاوازەكان لەخۆ دەگرێت. هەرچەندە خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەمواری یاساكە دوا خراوە، بەڵام هێشتا بەشێکی شیعەکان ڕژدن و بەبێ گوێدانە کاردانەوەکان دەیانەوێت بەزوویی ئەو پرسە لە پەرلەمان یەکلایی بکەنەوە.

نوور نافع، پەرلەمانتاری عێراقی، رایگەیاند: بە مەبەستی ڕەتكردنەوەی ھەمواری یاسای باری كەسێتی و پاراستنی شیرازەی خێزانی عێراقی، گرووپێكی پەرلەمانیان پێك ھێناوە کە ژمارەیەک ئەندامی ئافرەتی فراكسیۆنە جیاوازەكان لەخۆ دەگرێت.

گوتیشی: گرووپەكە دەیەوێت ئەوە بۆ هەموو لایەک ڕوون بکاتەوە، بنەمای ڕەتکردنەوەکە سۆزداری نییە و پاڵنەری دەرەکیشی لەپشت نییە، بەڵکو لەسەر بنەمای تێبینییە یاسایی و ئایینی و پیشەیی و کۆمەڵایەتییەکانە و كەسانێكن كە نیگەران و خەمخۆری پاراستنی شیرازەی خێزانی عێراقیین.

بەشێکی شیعەکان دەیانەوێت هەمواری یاساکە بکەن و هەر ئافرەت و پیاوێکی عێراقی لەکاتی هاوسەرگیریدا بتوانن مەزهەبیان دیاری بکەن. بەمەش ئەگەر مەزهەبی جەعفەری بە نموونە وەربگیرێت، دەتوانرێت کچ لە تەمەنی نۆ ساڵیدا بەشوو بدرێت و کوڕیش لە تەمەنی 15 ساڵیدا زەماوەند بکات.. ئەمە و چەند خاڵێكی دیكەش كە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانان و بەتایبەتی ئافرەتان، تێپه‌ڕاندنی یاساكه‌ به‌ مەترسیدار ناو دەبەن و پێیان وایە ئه‌و هه‌مواركردنانه‌ی خراونه‌ته‌ ڕوو، عێراق زیاتر دابه‌ش ده‌كەن.