بایدن: ترەمپ کەسێکی شکستخواردوو و تۆمەتبارە

جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە 26مین کۆنگرەی نیشتمانی دیموکراتەکان - شیکاگۆ (وێنە:AFP)
جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە 26مین کۆنگرەی نیشتمانی دیموکراتەکان - شیکاگۆ (وێنە:AFP)

جۆو بایدن, سەرۆکی ئەمەریکا لە 26مین کۆنگرەی نیشتمانیی دیموکراتەکان و لە گوتاری ماڵئاوایی لە کاندیدبوونی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، هێرشی توندی کردە سەر دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان و بە شکستخواردوو و تۆمەتبار ناوی برد.

بایدن، لەگەڵ ڕاگەیاندنی کشانەوەی لە کاندیدبوونی دیموکراتەکان و کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، لە گۆتارەکەیدا پشتگیریی لە کامالا هاریس کرد و بە کاندیدی فەرمیی دیموکراتەکانی ناساند بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا.

هەر لە گوتارەکەیەدا گوتی: توندڕەوەکان چەند ساڵیک لەمەوبەر بوونە هەڕەشە لەسەر وڵاتەکەمان، بەڵام جارێکی دیکە ڕێگە بە دووبارە ‌هێرشکردنەوەی سەر کۆنگرێس نادەین، هەربۆیە تاوەکوو ڕۆژی دەنگدان و هەڵبژاردن کاری زۆرمان لەبەردەم ماوە و دەبێت بیکەین.

سەرۆکی ئەمەریکا گوتیشی: ترەمپ تەنیا بەرژەوەندییە تایبەتەکانی خۆی دەبینێت، نەک بەرژەوەندییە گشتییەکانی ئەمەریکا، هەر بۆیە کەسێکی شکستخواردوو و تۆمەتبارە، هەوڵ دەدات ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا وەک وڵاتێکی شکستخواردوو پیشان بدات.

جۆو بایدن لە بارەی هەڵبژاردنەوە گوتی: دەبێت ئامادە بین بۆ دەنگدان بە دیموکراسییەت و ئازادی و پشتیوانیی لە هاریس دەکەین، هەروەها هاریس بە ترەمپی ڕاگەیاندووە و ڕەتیکردووەتەوە لە چواری ئەیلوول بەشداری دیبەتی ڕاستەخۆ بکات.

گوتیشی: ڕژدین لە پارێزگاری لە دیموکراتەکانی ئەمەریکا و دیموکراتەکانی هەموو جیهان بکەین.

لەسەر دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی غەززە، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی هەموو هەوڵێک دەدات بۆ گەڕاندنەوەی بارمتە ڕفێنراوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە. گوتیشی: داواکارم هەرچی زووە شەڕی غەززە ڕابگیرێت.

جۆو بایدن تەمەن 81 ساڵ لە تەممووزی ڕابردوودا بەهۆی فشار و ناڕەزایی بەشێک لە دیموکراتەکان و دەنگدەرانی پارتەکەی، ناچار بە کشانەوە بوو لە کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا و کاندیدبوونەکەی بۆ کامالا هاریس جێگرەکەی لە پۆستی سەرۆکایەتیی وڵات جێهێشت. هەرچەند پێشتر هاریس بە دەنگدانی ئەلیکترۆنی لەلایەن دیموکراتەکان بە کاندیدی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا هەڵبژاردرا، بەڵام لە کۆنگرەی نیشتمانی کاندیدبوونەکەی بە تەواوی یەکلایی کرایەوە.

26مین کۆنگرەی نیشتمانی دیموکراتەکانی ئەمەریکا تاوەکوو پێنجی ئەم مانگە لە شیکاگۆ بەردەوام دەبێت و پێشبینی دەکرێت، نزیکەی 50 هەزار کەس بەشداری کۆنفرانسەکە بکەن کە 4696 نوێنەری وڵاتان، 15 هەزار میوان و ڕۆژنامەنووس لەگەڵ هەزاران چالاکوانانی سیاسی و خۆبەخش، ئامادەی کۆنگرەی دیموکراتەکان بن.