میلیشیاکانی عێراق هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمەریکا بۆ ماوەیەکی کاتی ڕادەگرن

بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد - ئەرشیف
بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد - ئەرشیف

بەشێک لە گرووپە میلیشیاکانی عێراق کە خۆیان بە بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی ناساندووە، ڕایدەگەیەنن "بەهۆی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی یادکردنەوەی چلەی ئیمام حسێن، هێرشەکانیان بۆسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق ڕادەگرن".

لە نێو گرووپە میلیشیاکاندا، باڵی ئەسحابولکەهف کە پێشتر بەرپرسیارێتیی خۆی لە چەند هێرشێک بۆ سەر بنەکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا ڕاگەیاندبوو، لە بڵاوکراوەیەکدا ڕاگرتنی هێرش و پەلاماردانی بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکای لە عێراق سووریا بۆ ماوەیەکی کاتی ڕاگەیاند.

گرووپە میلیشیاکە ئاماژەی داوە "لە ئەمڕۆ سێشەممەوە هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا تاوەکوو دوای تەواوبوونی ڕێوڕەسمی یادی چلەی ئیمام حسێن ڕادەگرن".

هەروەها هەڕەشە دەکەن، لەدوای تەواوبوونی ڕێوڕەسمەکانی چلەی ئیمام حسێن، هێرشەکانیان بۆ سەر خاکی ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمەریکا لە سووریا و وڵاتانی کەنداو دەست پێ دەکەنەوە.

ناوەڕاستی ئەم مانگە، گرووپە میلیشیاکانی عێراق لە باکووری شاری دێرەزوری سووریا بە مووشەک هێرشیان کردە سەر کێڵگەی گازی کۆنیکۆ، کە هێزەکانی ئەمەریکا تێدا جێگیرە و لە بەرانبەردا هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) وەڵامی گرووپە میلیشیاکانیان داویەوە، پێشووتریش هەر لەم مانگەدا بە مووشەک هێرشی سەر بنکەی سەربازی عەین ئەسەد کرا و ژمارەیەک سەربازی ئەمەریکی بریندار بوون.

دوای هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆنیکۆ، ساموێل وێلبێرگ، گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە کوردستان24ی ڕاگەیاند "وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لە بەرپەرچ و وەڵامدانەوەی هیچ هێرشێک بۆ سەر هێزەکانی لە عێراق و سووریا بێدەنگ نابێت و گرووپ و لایەنێکیش هێرشی سەر هێزەکانی ئەمەریکا بکات لە ناوچەکە گورزی کوشندەی لێ دەوەشێنن".