ڕووسیا: دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕۆژئاوا دەستیان لە هێرشەکەی ئۆکرانیا هەبووە

ڕۆژنامەی ئیزڤێستیا ئەمڕۆ چوارشەممە، لە زاری دەزگای هەواڵگری دەرەوەی ڕووسیا بڵاویکردەوە، کە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا و پۆڵەندا دەستیان هەبووە لە ئامادەکاری هێرشی ئۆکرانیا بۆ سەر هەرێمی کورسکی ڕووسیا.

ئۆکرانیا لە 6ـی ئابی 2024دا، هێرشێکی لەناکاوی بۆ سەر هەرێمی کورسکای ڕووسیا دەست پێ کرد، کە گەورەترین هێرشە بۆسەر ڕوسیایە لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە. کە کیێڤ دەڵێت: ئامانجی دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام و لەناوبردنی ئامێری جەنگی ڕووسیایە.

ئیزڤێستیا لە زاری دەزگای هەواڵگریی دەرەوەی ڕووسیاوە دەڵێت: "ئامادەکارییەکان بۆ ئۆپەراسیۆنی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا لە ناوچەی کورسک بە بەشداری دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا و پۆڵەندا ئەنجامدراوە."

ئەو یەکانەی بەشدارییان لە هێرشەکەدا کردووە، مەشق و ڕاهێنانیان لە بەریتانیا و ئەڵمانیا کردووە، هەروەها پێشتر کۆشکی سپی ڕایگەیاندبوو، کە ئەمەریکا پێشوەخت ئاگاداری لە کیێڤەوە پێنەگەیشتووە کە پلانی هێرشی سەربازی بۆ سەر کورسک دادەنێت.

لە کاتێکدا ڕووسیا بەردەوامە لە پێشڕەوییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، هێزەکانی ئۆکرانیا دەستیان بەسەر 1263 کیلۆمەتر چوارگۆشە و 92 شارۆچکەدا گرتووە.

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، جەنەراڵ ئاپتی ئالادینۆڤ، فەرماندەی هێزە تایبەتەکانی ڕووسیا ئاشکرای کرد "نزیکەی 12 هەزار سەربازی سوپای ئۆکرانیا لە سنووری هەرێمی کۆرسک پەڕیونەتەوە خاکی ڕووسیا کە ژمارەیەکی زۆریان چەکدارانی بیانیین و زۆربەشیان کوژراون".

هەر بەهۆی پەڕینەوە جەنگ بۆ نێو خاکی ڕووسیا پارێزگاری بێلگورۆد، ڤیاچیسلاڤ گلادکۆڤ، دۆخی نائاسایی لە سنووری پارێزگاکە ڕاگەیاندووە و دەشڵێت: ماوەیەکە بارودۆخی بێلگورۆد بەهۆی تۆپبارانی چەکدارەکانی ئۆکرانیا زۆر ئاڵۆز و دژوار بووە و بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی خەڵکی سڤیل و چەند خانووێکیش وێران بوون.

لە شوباتی سالی 2022، ڕووسیا هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر خاکی ئۆکرانیا و بەشێکی زۆری خاکی ئەو وڵاتەی داگیر کرد، هەروەها سەدان هەزار کەس کوژراو و بریندار بوون و بە ملیۆنان ئۆکرانیش ئاوارە بوون.