ئۆکرانیا هۆشداریی دەداتە بێلاڕووسیا

وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، کۆکردنەوەی هێز لەلایەن بێلاڕووسیاوە لەسەر سنوورەکانی هەردوو وڵات، هەڵەیە و دەکرێت کارەسات بەدوای خۆیدا بهێنێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەش کردووە، بێلاڕووسیا بەپاساوی مەشقی سەربازیی، هەزاران سەربازی لە سنوورەکانی ئۆکرانیا کۆکردووەتەوە، ئەمەش داهاتووی باش نابێت، گەر بەزووترین کات پاشەکشە بەو هێزانە نەکەن.

جەخت لەوەش دەکاتەوە، بەهۆی گوشارەکانی مۆسکۆ، ئۆکرانیا دەیان سەکۆی هەڵدانی مووشەک، درۆن، تانک و زرێپۆشی لە سنوورەکانیان کۆ کردووتەوە.

وەزارەتی دەرەوە ڕوونیشی کردەوە، هۆشداری دەدەینە بیلاڕووسیا ئەگەر پێشێلی سنوورەکان بکات ئەوە ئۆکرانیا هەموو ڕێوشوێنێکی پێویست دەگرێتە بەر بەمەبەستی بەرگری کردن لەخۆی، کە لەمیساقی  نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە.

ماوەی چەند هەفتەیەکە ئۆکرانیا هێرشی پێچەوانەی بۆ سەر ڕووسیا دەست پێ کردووە، کە بەگوتەی فەرماندەیەکی ڕووسیا، 12 هەزار سەربازی ئۆکرانیا دزەیان کردووەتە ناوچەی کورسکی ڕووسیا، کە تاوەکو ئێستاش شەڕ لەو ناوچەیە بەردەوامە.

لە شوباتی 2022، ڕووسیا هێرشی کردەسەر ئۆکرانیا و بەشێکی خاکی ئەو وڵاتەی داگیر کرد، کە دەیان هەزار کەس لەو شەڕەدا کوژراون و بریندار بوون، هەروەها ملیۆنان ئۆکرانیش ئاوارەی دەرەوە و ناوخۆی وڵات بوون.