پەرلەمانتارێکی کورد دەبێتە جێگری سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران
حسێن زادە یەکەمین کوردە لە مێژووی کۆماری ئیسلامی لەو پۆستە دەستبەکار دەبێت
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری نوێی ئیسلامی ئێران فەرمانی دەستبەکاربوونی عەبدولکەریم حسێن زادە، پەرلەمانتاری کوردی بە جێگری سەرۆککۆمار دەرکرد، کە بەرپرس دەبێت لە دۆسیەی گەشەپێدانی گوندەکان و ناوچە دوورەدەستەکان.
حسێن زادە، کە ئەندامی لێژنەی ئاوەدانکردنەوە و نوێنەری دانیشتووانی شارەکانی نەغەدە و شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە لە پەرلەمانی ئێران، دەبێتە تاکە پەرلەمانتاری کورد و سوننە مەزهەب لە کابینەکانی چواردەهەمین حکوومەتی ئیسلامی ئێران لە دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، ئەم پۆستە باڵایەی کۆماری ئیسلامی وەردەگرێت.
پزیشکیان، لە فەرمانە کۆمارییەکەیدا نووسیویەتی "ئەو ئەزموونە بەتوانا و بەڵێنانەی عەبدولکەریم حسێنزادە، هەیەتی هۆکار بوون تاوەکوو بۆ ئەم پۆستەی ڕاسپێرێت و بڕیاری دەستبەکاربوونی بۆ دەر بکات".
بڕیارەکەی پزیشکیان دوێنێ دووشەممە دەرچووە و تێیدا هاتووە "بەمەبەستی باشترکردنی ژیان و گوزەرانی گوندنشینان و گەشەپێدانی گوندەکان و جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی گوندنشینان بۆ بەدیهێنانی ئابوورییەکی بەهێز و پتەو، بڕیاری دامەزراندنی جێگری سەرۆککۆماری دەرکردووە تاوەکوو چاودێری و سەرپەرشتی کارەکان و هەماهەنگیی لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بکات".
عەبدولکەریم حسێن زادە، لە دایکبوونی 1980 شاری نەغەدەی پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لە کەسایەتییەکی سیاسیی کوردە لە باڵی ڕیفۆرمخوازەکانی ئێران.