خۆپیشاندەرانی کەرتی نەوتی بەسرە کێڵگە و پاڵاوگەکانی پارێزگاکە دادەخەن
بڕیارێکی نوێی وەزارەتی نەوتی عێراق توڕەیی کرێکار و کارمەندانی کەرتی نەوتی پارێزگای بەسرەی لێ کەوتنەوە و بەخۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕین چەند کێڵگە و ناوەندێکی نەوتی سنووری پارێزگاکەیان داخست.
لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممەوە، ئاپۆڕایەکی ناڕەزایی دەربڕینی کارمەند و کرێکارانی کۆمپانیای نەوتی بەسرەی گرتووەتەوە و بەخۆپیشاندانەوە دەرگای کێڵگە نەوتییەکانی ڕومێلەی باشوور و بورجسیەی باکووری پارێزگای بەسرەیان داخست.
خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕینی کرێکار و فەرمانبەرانی کۆمپانیای نەوتی بەسرە لە بڕیارێکی وەزارەتی نەوتی عێراقەوە سەرچاوەی گرتووە، کە بڕیاری گواستنەوەی سەرجەم کرێکار و کارمەندانی کۆمپانیا نەوتییەکانی داوە بۆ سەر میلاکی کۆمپانیاکانی دیکە، ئەمەش بووەتە هۆی توڕبوونیان.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە تازەترین بڕیاریدا، بە پاساوی فشارەکانی سەر کەرتی نەوت، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵە و گرووپەکانی کەرتەکەی دەرکردووە و ڕایگەیاندووە، چەند ڕێکارێکی کارگێڕی و خێرایان گرتووەتەبەر بۆ هەموارکردنەوە میکانزمی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئیدارەدانی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت و پاڵاوگەکانی بەسرە، گوایە پێشتر بە هاوئاهەنگیی دامەزرێنراون.