مێركاتۆی هاوینەی یانە كوردستانییەكان گڕی گرتووە

ئەمشەو یانەكانی دهۆك و نەورۆز سوپرایزیان بۆ هاندەرانیان هەبوو

بازاری گواستنەوەی یاریزانان لە عێراق گڕی گرتووە، یانە كوردستانییەكان بە گەرمی هاتوونەتە نێو بازارەكە، ئێوارەی ئەمڕۆ نەورۆز گواستنەوەی ئالای فازڵی كردە سەرنجراكێشترین سوپرایزی ئەم هاوینە، پێشبینی دەكرێت لە چەند كاتژمێری داهاتوو سوپرایزێكی دیكە بۆ هاندەرانی رابگەیەنێت، لە لایەكی دیكەیشەوە لە درەنگایی ئەمشەو دهۆك بە گواستنەوەی زانا عەلی یاریزانی كوردی پیشەگەری خولی فەرەنسا گڕی لە بازاری گواستنەوەی یاریزانان بەردا.

نەورۆز سوپرایزی بۆ هاندەرانی هەیە
یانەی نەورۆز لە نێو یانە كوردستانییەكان زۆرترین گۆڕانكاری كردووە، گرێبەستی 9 یاریزانی نوێكردووەتەوە و دەستبەرداری 10 یاریزان بووە و 12 یاریزانی نوێشی گواستووەتەوە و لە سەرجەم هێڵەكانیش گۆڕانكاری گەورەی كردووە.
نەورۆز دەستبەرداری 3 یاریزانی پیشەگەری بووە (ئیبراهیم تۆمیو، لامین ساماتا و ستیفان بافۆر)، بۆ شوێنی ئەو 3 یاریزانەش، نەورۆز 3 پیشەگەری گواستووەتەوە كە پێكهاتوون لە (ئینتێرس ئۆكسی ناوەراستكاری كۆدیڤواری و دانیێل كامی بەرگریكاری كامیرۆنی)، پیشەگەری سێیەمیش میدیایەكانی عێراقی هەژاند ئەویش  ئالای فازڵی بەرگریكاری كوردی خولی سویدی بوو كە یەكێك بوو لە سەرنجراكێشترین گرێبەستەكانی ئەم هاوینەی سوورپۆشەكانی سلێمانی.
ئالای فازڵی تەمەن 21 ساڵ، یاریزانی هەڵبژاردەی عێراقە و تەواوی كاروانی یاریكردنی لە خولی سویدی بووە، بەمەش بۆ یەكەمجار لە دەرەوەی سوید بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەكانی عێراق لەژێر سەرپەرشتی جۆرڤان ڤیێرای راهێنەری بەرازیلی یاریی بۆ نەورۆز دەكات.
بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، ئاسۆ رۆستەم مافی دەستبەرداربوونی لە یانەی شورتە وەرگرتووە و دوای 3 ساڵ دووركەوتنەوە دەگەڕێتەوە یانەی نەورۆز  و پێشبینی دەكرێت لە چەند كاتژمێری داهاتوو بە فەرمی گەڕانەوەی گۆڵكارە مێژووییەكەی یانەی نەورۆز بۆ سوورپۆشەكانی سلێمانی رابگەیەندرێت.

هەولێر بە گەرمی هاتووەتە نێو بازاری گواستنەوە
یانەی هەولێر گۆڕانكارییەكانی بەخێرایی دەست پێ كردووە، دەستبەرداری 11 یاریزان بووە و 11 یاریزانی نوێشی گواستووەتەوە، لە نێویاندا 7 یاریزانی كوردی گواستووەتەوە كە چوار یاریزانیان هی خولەكانی كوردستانن كە پێكهاتوون لە (دانا كامەران، یادگار ئیبراهیم، هەڵگورد قەیس و موئەیەد سەفا).
یانەی هەولێر دەستبەرداری 3 یاریزانی پیشەگەری بووە (لویس ئیدوارد، خەلیفە ئەبوبەكر و ئاداما بالۆ)، بەڵام بۆ شوێنگرەوەی ئەو یاریزانانە بەخێرایی 3 پیشەگەری گواستووەتەوە دووانیان بەرگریكارن (خالید كوردئۆغڵی سووری و بیلال ئەلعیفەی توونسی) لەگەڵ یوسف بن سۆدەی هێرشبەری توونسی.
هەولێر لە ماوەی 24 كاتژمێر رابردوو، دوو گرێبەستی راگەیاند، یەكەمیان گەڕانەوەی نیاز محەمەدی بەرگریكاری بوو كە وەرزی رابردوو لە یانەی تەڵەبە یاریی دەكرد، دووەمیان هەڵگورد قەیس ناوەراستكاری پێشمەرگەی هەولێر و هەڵبژاردەی لاوانی عێراق بوو.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست كوردستان24 كەوتووە پێشبینی دەكرێت لە رۆژانی داهاتوو یانەی هەولێر دوو یاریزانی دیكەی پیشەگەر بگوازێتەوە.
دیارترین ئەو یاریزانانەی یانەی هەولێر گرێبەستەكانی نوێ كردووەتەوە (هەڵۆ فایەق، رەوا یووسف، هێلیۆ مۆنتێرۆ، حوسێن جولی و گەیلان لوقمان)ـە، لە لایەكی دیكەیشەوە داهاتووی شێركۆ كەریم هێشتا بە هەڵبەستراوی ماوەتەوە، بەڵام لە مانەوە لە یانەكە نزیكترە.

ئەمشەو دهۆك سوپرایزی راگەیاند
یانەی دهۆك لە بازاری گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان دەستبەرداری 11 یاریزانی بووە، 8 یاریزانیشی گواستووەتەوە، لە نێویاندا دوو یاریزانی خولی نایابی گواستووەتەوە كە پێكهاتوون لە (ئەركان مەنسور هێرشبەری یانەی ئاكرێ) و (هیدایەت لەتیف بەرگریكاری پێشمەرگەی هەولێر).
لە لایەكی دیكەیشەوە دهۆك 3 هێرشبەری دیاریی گواستووەتەوە كە پێكهاتوون لە ئەمیر كینانی هێرشبەری پیشەگەری عێراقی لە یانەی ڤانكۆڤەری كەنەدی و پاشەنگ عەبدوڵڵا لە یانەی دیێگۆرفۆرسی سویدی.
درەنگایی ئەمشەویش دهۆك گواستنەوەی زانا عەلی یاریزانی پیشەگەری كوردی خولی فەرەنسای راگەیاند، تەمەنی 30 ساڵە، یاریزانێكی خێرایە لە باڵەكان، وەرزی رابردوو یاریی بۆ یانەی روانی فەرەنسی كردووە، ئەو یاریزانە لە قۆناغی چارەكی كۆتایی جامی فەرەنسا گۆڵی لە یانەی مۆناكۆ كرد و یانەكەیان لە جامی فەرەنسا دوورخستەوە. هەر ئەمشەو دهۆك حەسەن عیمادی ئەستێرەی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق گواستەوە.
لە بەرامبەردا یانەی دهۆك تا ئێستا بە فەرمی تەنیا مانەوەی 6 یاریزانی وەرزی رابردووی راگەیاندووە كە پێكهاتوون لە (محەمەد ساڵح، هاروون ئەحمەد، لوكاس مۆسیس، زولفەقار یونس، رۆن ئاكوای و ئەحمەد بەشار).
زیاد ئەحمەد دوایین یاریزان بوو ماڵئاوایی لە یانەی دهۆك كرد و پێشبینی دەكرێت بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەكانی عێراق پەیوەندی بە یانەی حدوودی شاری بەغدا بكات و لەژێر سەرپەرشتی حەیدەر عەبدولئەمیری راهێنەری پێشووی یانەكانی زاخۆ و هەولێر یاریی بكات.

یانەی زاخۆ گرێبەستی دوو یاریزانی نوێ كردەوە
یانەی زاخۆ لە بازاری گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان دەستبەرداری 11 یاریزان بووە و 8 یاریزانی نوێشی گواستووەتەوە، دوایین سوپرایزی یانەی زاخۆ گواستنەوەی هومام تاریقی ناوەراستكاری عێراقی بوو.
یانەی زاخۆ لە گواستنەوەی هاوینە دەستبەرداری چوار یاریزانی پیشەگەری بوو (داروین لۆپێز، دیۆنی رێباس، فرانك سیدریك و رۆدریك كابۆی)، لە بەرامبەردا چوار پیشەگەری بۆ شوێنگرەوەیان گواستووەتەوە كە پێكهاتوون لە (ئەیوب نەناحی ناوەراستكاری مەغریبی، مەحموود ئەسوەد هێرشبەری سووری، محەمەد ئەبوحەشیش بەرگریكاری ئوردنی لەگەڵ گۆستاڤۆ هێنریك).
یانەی زاخۆ بە فەرمی گرێبەستی 9 یاریزانی نوێكردووەتەوە، دیارترینیان (ئەحمەد ئیبراهیم، سیپان سەدیق و ناسر محەمەدۆ)، هێشتا بە فەرمی نوێكردنەوەی گرێبەستی ئەمجەد عەتوان رانەگەیاندراوە، بەڵام لە مانەوە نزیكە.